دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی نەخۆشکەوتنی مامۆستا سۆران عەبدولکەریم و دەنگۆکانی لەدەستدانی قسەکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سەرچاوە نزیکەکان لەو مامۆستایە هاووڵاتییان و دۆستانی ناوبراو لە جێگیریی دۆخی تەندروستییەکەی دڵنیا دەکەنەوە.
میدیای فەرمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بڵآویکردەوە، بەپێی زانیارییەکان کە لە زاری (حاجی دەشتی مەدینە)وە گواستراوەتەوە، دۆخی تەندروستی مامۆستا سۆران عەبدولکەریم بە تەواوی جێگیرە و ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە ناوبراو بە یەکجاری لە قسەکردن کەوتبێت، دوورن لە ڕاستییەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، کە مامۆستا سۆران تووشی هەوکردن (ئیلتیهابات) لە قورگ و دەنگەژێکانی بووە، بەو هۆیەشەوە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە ڕێنمایی کراوە کە بۆ ماوەی مانگێک قسە نەکات و دەنگەژێکانی ماندوو نەکات تا بە تەواوی چاک دەبێتەوە.
