سبەی شەپۆلی تاوەباران و هەورەبرووسکەی بەهێز بەردەوام دەبێت

پێشبینیی نوێی کەشوهەوا؛ سبەی شەپۆلی تاوەباران و هەورەبرووسکەی بەهێز بەردەوام دەبێت.

شارەزای کەشناسی، هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای سبەی شەممە، ١٦ی ئایاری ٢٠٢٦، ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە کاریگەریی ئەو کەشوهەوا ناسەقامگیرەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، لە تەواوی ناوچە جیاوازەکان بەردەوام دەبێت.

بەپێی پێشبینییەکەی ئەم شارەزایە، بارودۆخی کەشوهەوا بەم شێوەیە دەبێت:

  • گۆڕانی ئاسمان و بارانبارین: لە کاتەکانی نیوەڕۆی سبەی شەممەوە بەرەو ئێوارە، ئاسمانی هەرێم دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو. ئەگەری بارینی تاوەبارانی بەهاریی مامناوەند بۆ بەخوڕ هەیە، و لە هەندێک شوێنیش ئەگەری بارینی تەرزە لەئارادایە.

  • هەورەبرووسکەی مەترسیدار: شەپۆلەکە هاوشێوەی ئەمڕۆ هەینی، هەورەبرووسکەی زۆر بەهێزی لەگەڵدا دەبێت. لە هەندێک کاتدا برووسکەکان زۆر نزیک دەبن لە زەوییەوە، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست دەکات.

  • ناوچەکانی ژێر کاریگەریی شەپۆلەکە: دهۆک، زاخۆ، سۆران، ڕاپەڕین، مووسڵ، هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان.

  • پلەکانی گەرما: بەهۆی کاریگەریی بارستەهەوایەکی سارد لە چینە بەرزەکانی بەرگەهەوادا، پلەکانی گەرما دابەزین بەخۆیانەوە دەبینن و لە ماوەی ڕۆژدا کەشێکی فێنک و مامناوەند باڵ دەکێشێت.

بەهۆی سەختیی شەپۆلەکە و مەترسیی هەورەبرووسکەکان، داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت بە هیچ جۆرێک بۆ مەبەستی گەشت و سەیران سەردانی ناوچە شاخاوییەکان و شوێنە گەشتیارییەکان نەکەن، بۆ ئەوەی سەلامەتیی گیانیان پارێزراو بێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە