دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە شی جین بینگ، سەرۆکی چین، لەگەڵ ئەوەدایە کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ترەمپ لەسەر پشتی فڕۆکەی سەرۆکایەتی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: “سەرۆکی چین بە توندی پێی وایە کە نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، و دەیەوێت گەرووی هورمزیش بە کراوەیی بهێڵنەوە”؛ ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ گەرووە گرنگەکەی هورمز کە ڕێڕەوی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوت و گازی شلە.
دیارترین تەوەرەکانی تری لێدوانەکەی ترەمپ:
بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران: ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە لاری نییە لەوەی ئێران بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕابگرێت، بە مەرجێک ئەمە “پابەندبوونێکی ڕاستەقینە” بێت. هەروەها وتیشی ئەگەری هەیە “پاشماوە ئەتۆمییەکانی” ئێران ڕادەستی چین یان ویلایەتە یەکگرتووەکان بکرێت.
توانای موشەکیی ئێران: سەرۆکی ئەمریکا ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن ئێران توانای موشەکیی خۆی پاراستووە و ڕایگەیاند: “٨٠٪ی توانای موشەکیی ئێران کۆتایی هاتووە”.
سزاکانی سەر چین: ترەمپ ئاشکرای کرد کە تاوتوێی لادانی سزاکان دەکات لەسەر ئەو کۆمپانیا چینییانەی نەوتی ئێران دەکڕن، و لە کاتێکی نزیکدا بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە دەکات.
پرسی تایوان: سەبارەت بە تایوان، ترەمپ ڕایگەیاند کە لە سەردانەکەیدا بۆ پەکین، زۆر لەگەڵ شی جین بینگ لەو بارەیەوە دواوە. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هۆشدارییەکەی سەرۆکی چین لەسەر دروستبوونی ململانێ لەگەڵ واشنتن بەهۆی تایوانەوە، ترەمپ وتی: “پێناچێت شەڕ ڕووبدات، ئەو نایەوێت شەڕ ببینێت و نایەوێت هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی تایوان بنرێت”. زانیاریشی دا کە دوای کۆبوونەوەی لوتکە لەگەڵ سەرۆکی چین، هێشتا بڕیاری نەداوە کە ئایا بەردەوام دەبێت لە ناردنی پاکێجە گەورەکەی چەک بۆ تایوان یان نا.
