کۆمپانیای گووگڵ بە فەرمی وەشانە نوێیەکەی سیستمی کارپێکردنی “ئەندرۆید 17″ی ڕاگەیاند، کە کۆمەڵێک نوێکاریی بەرفراوان لە خۆدەگرێت و تێیدا تێکەڵاوەیەکی ناوازە لە نێوان ژیری دەستکرد، بەهێزکردنی ئاسایش و باشترکردنی ئەزموونی بەکارهێنەردا پێشکەش کراوە.
ئەم ڕاگەیاندنە لە میانی چالاکیی “Android Show”دا هات کە پێش کۆنگرەی ساڵانەی گووگڵ بەڕێوەچوو. چاوەڕوان دەکرێت لە مانگەکانی داهاتوودا ئەم سیستمە نوێیە بۆ ئامێرەکانی “پێکسڵ” و هەندێک لە مۆبایلەکانی “سامسۆنگ” بەردەست بکرێت.
دیارترین تایبەتمەندییە نوێیەکانی ئەندرۆید 17 بەم شێوەیەن:
شۆڕشی ژیری دەستکرد (Gemini Intelligence)
بەڕێوەبردنی خۆکارانە: سیستمی نوێ بە تەواوی لەگەڵ سیستمی ژیری دەستکردی “Gemini Intelligence” تێکەڵ کراوە، کە وا دەکات مۆبایلەکە بە شێوەیەکی خۆکارانە کارەکان ڕاپەڕێنێت، وەک بەڕێوەبردنی ئیمێڵ و جێبەجێکردنی فەرمانە ئاڵۆزەکان لە ڕێگەی زمانی ئاسایی قسەکردنەوە.
پەرەپێدانی Gemini لە وێبگەڕی کرۆمدا: یاریدەدەری Gemini لەناو وێبگەڕی کرۆمدا دەتوانێت لاپەڕەکان کورت بکاتەوە و کارەکانی وەک داکۆکیکردن و حجزکردنی کات یان پڕکردنەوەی فۆڕمەکان بە خۆکارانە جێبەجێ بکات.
ئامرازە نوێیەکان بۆ بەکارهێنەران و دروستکەرانی ناوەڕۆک
دروستکردنی ویدجێتی تایبەت (Create My Widget): بەکارهێنەر دەتوانێت تەنها بە نووسینی وەسفێکی کورت، ویدجێتی تایبەت بە خۆی لەسەر شاشەی سەرەکی دروست بکات.
نەهێشتنی شێوازی قسەکردنی پچڕپچڕ (Rambler): ئەم سیستمە دەنگی قسەکردنی هەڕەمەکی و پچڕپچڕ دەگۆڕێت بۆ دەقێکی ڕێکخراو و بەسوود.
تایبەتمەندی (Screen Reactions): بۆ دروستکەرانی ناوەڕۆک، ڕێگە دەدات کە شاشەی مۆبایلەکە و کامێرای پێشەوە لە یەک کاتدا تۆمار بکرێن بۆ دروستکردنی ڤیدیۆی کارلێککار بەبێ پێویستی بە بەرنامەی دەرەکی.
ئەزموونێکی بینینی نوێ و تەندروستی دیجیتاڵی
گۆڕینی ئیمۆجییەکان: گووگڵ دیزاینی زیاتر لە 4000 ئیمۆجی (Emoji) نوێ کردووەتەوە بۆ باشترکردنی ئەزموونی چاتکردن و ڕکابەریکردنی سیستمەکانی تر.
بەرەنگاربوونەوەی ئاڵودەبوون (Pause Point): ئامرازێکی نوێیە بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی زۆری مۆبایل؛ کاتێک ئەپێکی وەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەیتەوە، بۆ ماوەی 10 چرکە دواکەوتنێک (تۆزێک ڕاوەستان) نیشان دەدات بۆ ئەوەی دەرفەت بە بەکارهێنەر بدات لە هۆشیاری بەکارهێنانەکەیدا بمێنێتەوە.
بەهێزکردنی ئاسایش و گواستنەوەی ئاسانی پەڕگەکان
پاراستنی دژە دزی و هاک: سیستمەکە توانای دۆزینەوەی بەرنامە زیانبەخشەکانی بەهێزتر کردووە، پاراستنی دژ بە پەیوەندییە ساختەکان (فێڵکردن) زیاد کردووە، و لە کاتی دزرانی مۆبایلیشدا سیستمی قفڵکردنی بایۆمەتری لەدوورەوە و کەمکردنەوەی هەوڵەکانی نووسینی وشەی نهێنی تێدا جێگیر کراوە.
هاوئاهەنگی لەگەڵ ئایفۆن (Quick Share): لە سوپرایزێکی گەورەدا، تایبەتمەندی Quick Share فراوانتر کراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ AirDropی ئامێرەکانی ئەپڵ (Apple) بگونجێت، ئەمەش گواستنەوەی پەڕگە و زانیارییەکان لە نێوان ئایفۆن و ئەندرۆیددا زۆر ئاسان و نەرم دەکات.
