هۆشدارییەک لەبارەی کەشوهەوای سبەی؛ باران و هەورەبروسکە و خۆڵبارین پێکەوە دەگەن.
بەپێی پێشبینییەکانی زەکەریا کانی پاشایی بۆ کەشوهەوای سبەی هەینی (15-05-2026)، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی زنجیرەیەک گۆڕانکاری خێرا دەبێتەوە کە بارانبارین و خۆڵبارین پێکەوە کۆدەکاتەوە.
گرنگترین پێشبینییەکان بۆ سبەی هەینی:
بەرەبەیان: ئاسمانی هەرێم بە گشتی ساماڵ دەبێت.
دوای نیوەڕۆ: دەستپێکی بارانبارین لە ناوچەکانی دهۆک و بادینان.
کاتەکانی عەسر: بارانبارین ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر و سۆران دەگرێتەوە، لەگەڵ هۆشداری لە ڕوودانی هەورەبروسکەی بەهێز.
ئێوارە و شەو: باران دەگاتە ناوچەکانی سلێمانی، هەڵبجە، کەرکوک و باکووری گەرمیان.
خۆڵبارین و قوڕاو: بەهۆی چالاکبوونی بای باشوور، لە ئێوارەی هەینییەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچەکان دەگرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بارینی بارانی قوڕاو کە تا ڕۆژی شەممە بەردەوام دەبێت.
پێویستە شۆفێران و هاووڵاتییان لە کاتی هەورەبروسکە و دروستبوونی خۆڵباریندا وریای گۆڕانکارییەکان بن، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان کە ئەگەری هەورەبروسکەی بەهێزی لێدەکرێت.
