شاخەوان عەبدوڵڵا: سەرۆکایەتیی پەرلەمان بێلایەنیی خۆی لەدەستداوە

شاخەوان عەبدوڵڵا: سەرۆکایەتیی پەرلەمان بێلایەنیی خۆی لەدەستداوە و لایەنگریی هەندێک کاندیدی کردووە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕەخنەی توند لە شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنی متمانەدان بە کابینە نوێیەکەی عەلی زەیدی دەگرێت و سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە لایەنگری تۆمەتبار دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆنتڕۆڵی دانیشتنەکەی لەدەستداوە و بێلایەنیی خۆی پارێزگاری لێنەکردووە.” ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە پێشخستنی دەنگدان بۆ هەندێک وەزارەت نادادیی تێدابووە و وتی: “ناکرێت دەنگدان بۆ متمانەدان بە وەزیری کارەبا پێش وەزارەتە گرنگ و سیادییەکانی وەک ناوخۆ و دەرەوە بخرێت.”

شاخەوان عەبدوڵڵا جەختی لەوە کردەوە کە جۆرێک لە دەستوەردان لە ڕیزبەندی کاندیدەکاندا هەبووە و ڕایگەیاند: “ئەو وەزیرانەی کە خۆیان ویستوویانە، ناویان پێشخراوە بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت، ئەمەش نادادییەکی ڕوونە لە بەڕێوەبردنی پڕۆسەی دەنگدانەکەدا.”

سەبارەت بە ئەنجامی کۆتایی دەنگدانەکە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاشکرای کرد کە سەرجەم ئەو کاندیدانەی لەلایەن هاوپەیمانی “عەزم”ـەوە بۆ پۆستە وەزارییەکان دیاری کرابوون، نەیانتوانی متمانەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنن و شکستیان هێنا لە بەدەستهێنانی دەنگی پێویست.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بەهۆی ململانێی لایەنەکان و نەبوونی ڕێژەی یاسایی تەواو بەهۆی گەشتی حەجی پەرلەمانتارانەوە، کەشێکی ئاڵۆزی بەخۆوە بینی.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە