دانەغاز ریکۆردێکی نوێ دەشکێنێت

دانەغاز ریکۆردێکی نوێ دەشکێنێت؛ قازانجەکانی بۆ 74 ملیۆن دۆلار بەرزبووەوە.

کۆمپانیای دانەغاز ڕاپۆرتی دارایی چارەکی یەکەمی ساڵی 2026ی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکەوتنێکی بەرچاوی لە ئاستی قازانج و بەرهەمهێناندا ڕاگەیاند، بە شێوەیەک بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی کوردستان گەیاندووەتە بەرزترین ئاست لە دوای ساڵی 2018وە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆمپانیاکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاشکرای کرد کە قازانجەکانی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە ڕێژەی 72% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 74 ملیۆن دۆلار. لە ڕووی بەرهەمهێنانیشەوە، کۆمپانیاکە توانیویەتی لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ئاستی 700 ملیۆن پێ سێجا غاز لە ڕۆژێکدا تێپەڕێنێت. هاوکات، بەرهەمهێنانی نەوت گەیشتووەتە 70 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە ئەمەش ئاستێکی پێوانەیی نوێیە لە دوای ساڵی 2018وە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پڕۆژەی گەشەپێدانی کێڵگەی چەمچەماڵ بەردەوامە و بڕی 160 ملیۆن دۆلار وەک وەبەرهێنان بۆ تەرخانکراوە. سەبارەت بە دۆخی ئەمنیش، کۆمپانیاکە ڕوونی کردەوە کە هەرچەندە لە کۆتایی شوبات و مانگی ئازاردا بەهۆی ناجێگیریی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەوە بەرهەمهێنانیان بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگرتبوو، بەڵام دواتر دەستیان بە کارەکانیان کردووەتەوە و ئێستا بەردەوامن لە دابینکردنی غاز بۆ کڕیارەکانیان.

دانەغاز ئاشکرای کردووە کە لە مانگی یەکی ئەمساڵدا چەندین ڕێککەوتنی نوێی فرۆشتنی غازی واژۆ کردووە. چاوەڕوان دەکرێت ئەم ڕێککەوتنانە لە داهاتوودا ببنە هۆی دابینکردنی ڕۆژانە 142 ملیۆن پێ سێجا غاز بۆ کەرتی پیشەسازی، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی وزە و پیشەسازی.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە