سکۆت بیسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە (١٤ی ئایاری ٢٠٢٦) ڕایگەیاند کە واشنتن و پەکین پلانیان هەیە بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنێکی بازرگانیی هاوبەش بە مەبەستی تاووتوێکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو بوارانەی کە بۆ ئەمریکا سیفەتی “ستراتیژییان” نییە.
بیسێنت لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەم ئەنجومەنە تایبەت دەبێت بەو بوارە “ناحەستیار و ناستراتیژییانەی” کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نایەوێت لە ناوخۆدا بەرهەمیان بهێنێت، یان هیچ پلانێکی نییە بۆ گەڕاندنەوەی کارگەکانیان بۆ سەر خاکی ئەمریکا.
وەزیری خەزێنەی ئەمریکا وەک نموونەیەک بۆ ئەو کاڵایانەی کە بازرگانییان پێوە دەکرێت، باسی لە “یارییە ئاگرینەکان و کاڵا بەکاربەرییە زۆر هەرزانەکان” کرد، کە بەردەوام دەبن لە گەیشتن لە چینەوە بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە واشنتن دژی هاوردەکردنی هەندێک بەرهەمی چینی نییە، مادام کاریگەرییان لەسەر بەرژەوەندییە ئەمنییەکان یان پیشەسازییە ستراتیژییەکان نەبێت.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان دێت بۆ کەمکردنەوەی ئاستی گرژییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو زلهێزە ئابوورییەکەی جیهان. لایەنەکان هەوڵ دەدەن کەناڵێکی دیالۆگی کردەیی بدۆزنەوە کە ڕێگەیان پێ بدات ناکۆکییەکانیان لە کەرتە هەستیارەکاندا بەڕێوە ببەن، لە هەمان کاتدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بوارە تەقلیدییەکاندا بپارێزن کە خزمەت بە بەرژەوەندیی بەکاربەرانی هەردوو وڵات دەکات.
