کۆمپانیای “میتا پلاتفۆرمس”ی ئەمریکی، بە فەرمی تایبەتمەندی “چاتی شاراوە” (Hidden Conversation)ی بۆ بەکارهێنەرانی واتسئاپ ڕاگەیاند.
ئەم هەنگاوە نوێیە بە مەبەستی ڕەواندنەوەی مەترسییەکانی بەکارهێنەرانە سەبارەت بە پاراستنی ئەو زانیارییە هەستیارانەی کە لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ “ژیری دەستکرد” ئاڵوگۆڕی دەکەن.
تایبەتمەندییەکە چۆن کار دەکات؟
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی میتا، ئەم دۆخە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات گفتوگۆی کاتی و تەواو نهێنی لەگەڵ (Meta AI) ئەنجام بدەن.
گرنگترین خاڵی ئەم تایبەتمەندییە ئەوەیە کە پەیامەکان لە “ژینگەیەکی پارێزراو”دا چارەسەر دەکرێن کە تەنانەت خودی کۆمپانیای میتاش ناتوانێت دەستی پێیان بگات.
هەروەها پەیامەکان بە شێوەی ئۆتۆماتیکی پاشکەوت ناکرێن و هەر کە چاتەکە داخرا، هەموو زانیارییەکان دەسڕێنەوە.
کێبڕکێی زەبەلاحەکان و ترسی بەکارهێنەران
سیستەمەکانی ژیری دەستکردی گشتگیر (Generative AI) بەوە ناسراون کە لەسەر بنەمای داتایەکی زەبەلاح ڕادەهێنرێن، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە بەکارهێنەران بترسن لەوەی زانیارییە کەسییەکانیان بۆ ڕاهێنانی ئەم مۆدێلانە بەکاربهێنرێت.
میتا بەم هەنگاوەی دەیەوێت کێبڕکێی (Gemini)ی گوگڵ و (ChatGPT)ی کۆمپانیای OpenAI بکات، کە ئەوانیش پێشتر هەندێک بژاردەیان بۆ ناچالاککردنی پاشکەوتکردنی گفتوگۆکان بەردەست کردبوو.
میتا ئاماژە بەوە دەکات کە بەکارهێنەران زۆرجار پرسیاری هەستیار دەربارەی دۆخی دارایی، تەندروستی، یان نهێنییەکانی کارەکانیان لە ژیری دەستکرد دەکەن، بۆیە بوونی “چاتی شاراوە” دەبێتە گەرەنتییەک بۆ پاراستنی ئەو داتا گرنگانە لە دزەپێکردن یان بەکارهێنانی بۆ مەبەستی تری بازرگانی.
