هاتووچۆی هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت کە پلانی قەدەغەکردنی سەنتەری شار و شوێنە گشتییەکان لە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتاو ماتۆڕسکێل زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و بڕیارێکیشی دەربارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە دا کە لە هاتووچۆ تۆمارکراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەڵەبجە ڕایگەیاند، بەپێی ڕێنماییەکانی هاتووچۆو بڕیارەکان بۆ قەدەغەی سنووردارکردنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکێل لە سەنتەری شاری هەڵەبجە و شوێنە گشتیەکان، لەلایەن مەفرەزە هاوبەشەکانەوە تا ئێستا پلانەکە زۆر سەرکەوتووانە جێبەجێ دەکرێ و بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادرێ ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتاو ماتۆڕسکێل داخلی ئەو ناوچانە ببن بەپێی یاسا لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێ و سزا دەدرێن.
سەبارەت بەو ئۆتۆمبێلانەی کە تۆمارکراون واتا (تابلۆی فەرمی بەڕێوەبەرایەتیەکانی هاتووچۆیان هەیە) بۆ ماوەیەک لەشەقامە سەرەکیەکان دەمێننەوە دەبنە هۆی تەسککردنەوەی شەقامەکان و شێواندنی سیمای شار گرفتی هاتووچۆ دروست دەکەن لەم حاڵەتەدا لەلایەن هاتووچۆوە سزا دەدرێن و ڕاسەوخۆ غەرامە دەکرێن.
هاتووچۆی هەڵەبجە “ئامۆژگاری” شۆفێران دەکات کە بۆ ئەوەی تووشی سزاو دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکەیان نەبن باشتر وایە لە ئۆتۆمبێلەکانیان لە گەراجەکان ڕابگرن، بەتایبەتیش ئەگەر بیانەوێت بۆ ماوەیەکی زۆر جێی بهێڵیت.
ئەوەشی خستەڕوو کە “ئامانجی ئەم بڕیارانە بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی و جوانکردنی سیمای شار و دروستنەبونی لۆدی هاتووچۆیە”.
