بڕیارە کاتژمێر 4ی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە بە مەبەستی دەنگدان لەسەر کارنامەی وەزاری و پێدانی متمانە بە حکومەتی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو.
کارنامەی کۆبوونەوەکە تەنیا یەک بڕگە لەخۆدەگرێت، ئەویش دەنگدانە لەسەر کارنامەی حکومەت و کابینە وەزارییەکە.
تا ڕادەیەک کەشێکی ئەرێنی بەسەر لایەنە سیاسییەکاندا زاڵە و بە پێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی سەباح، تا ئێستا 17 وەزارەت یەکلاینەکراوەتەوە، لە کاتێکدا دانوستانەکان بۆ تەواوکردنی وەزارەتەکانی دیکە بەردەوامن.
سیهام موسەوی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی بەدر ڕایگەیاند، پەرلەمان ئامادەیە بۆ بەڕێوەچوونی ئاسایی دانیشتنەکە و کەشەکە بۆ پێکهێنانی حکومەت لەبارە.
لای خۆشیەوە ئەحمەد خەزعەلی لە فراکسیۆنی سادیقون ڕایگەیاند، پەرلەمانتاران سەرقاڵی خوێندنەوەی کارنامەی وەزارین بۆ ئەوەی لە دانیشتەنەکەدا دەنگی لەسەر بدەن.
هاوکات ڕەحیمە حەسەن جبووری پەرلەمانتاری هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان ڕایگەیاند، پێکهاتەی کابینەکە نزیکبووەتەوە لە تەواوبوون و قۆناغی داهاتوو گەشبینانە دەبینرێت.
