سودانی وتاری ماڵئاوایی پێشکەشکرد

سودانی: عێراق قۆناغی مەترسی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە خۆبژێوی لە بەرهەمە ستراتیژییەکاندا.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکی فراواندا کە وەک وتاری ماڵئاوایی نیشاندرا، وردەکاریی دەستکەوتەکانی حکومەتەکەی لە بوارەکانی ئابووری، خزمەتگوزاری و سیاسی خستە ڕوو، ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق لە وەرچەرخانێکی مەترسیدارەوە بەرەو سەقامگیری و گەشەپێدان هەنگاوی ناوە.

سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند، کە حکومەتەکەی لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ و لە کاتێکی پڕ لە ئاڵۆزی سیاسی دەستی بەکار کردووە. جەختیشی کردەوە کە عێراق توانیویەتی لە ڕێگەی دیپلۆماسییەکی هاوسەنگەوە پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێز بکات و وڵات لە ململانێ هەرێمییەکان دوور بخاتەوە.

سودانی ئاشکرای کرد، کە قەبارەی وەبەرهێنانەکان لە عێراقدا ١١٤ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە قەرزە دەرەکییەکانی وڵات لە ١٣ ملیار دۆلارەوە بۆ ١٠ ملیار دۆلار کەمبوونەتەوە. لە کەرتی نەوت و گازیشدا، عێراق توانیویەتی توانای پاڵاوتنی نەوت بۆ ١.٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە و ڕێژەی وەبەرهێنانی گازی سروشتی بگەیەنێتە ٧٤٪.

خۆبژێوی و کەرتی پیشەسازی

لە بوارە ستراتیژییەکاندا، سەرۆک وەزیران چەند دەستکەوتێکی گرنگی ڕاگەیاند:

  • خۆبژێوی گەنم: بەرهەمی گەنم لە ساڵی ٢٠٢٥ گەیشتووەتە ٦.٢ ملیۆن تۆن.

  • پیشەسازی: عێراق گەیشتووەتە خۆبژێوی لە بەرهەمەکانی ئاسن، چیمەنتۆ، شەکر، ئارد و دەرمان.

  • کارەبا: ئاستی بەرهەمهێنانی وزە گەیشتووەتە ٢٩ هەزار مێگاوات.

سودانی تیشکی خستە سەر کەمبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە ١٦.٥٪ بۆ ١٣.٥٪ و دابەزینی ڕێژەی هەژاری لە ٢٥٪ بۆ نزیکەی ١٠٪ لە ماوەی سێ ساڵدا. هەروەها ڕایگەیاند کە ٩٦٣ هەزار خێزانی نوێ خراونەتە ناو تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و کار لەسەر ٣٢٥٠ پڕۆژەی پەککەوتوو کراوە.هاوکات لەماوەی دەستبەکاربوونیدا زیاتر لە ١٩ ترلیۆن دینار قەرزی ناوخۆیی داوەتەوە.

سەرۆک وەزیران جەختی لە گرنگی پڕۆژەی “ڕێگەی گەشەپێدان” کردەوە کە ١٠٠ هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت، هەروەها ئاماژەی بە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییە گەورەکانی وەک (بی پی، تۆتال و ئێکسۆن مۆبیل) کرد. لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دوای ٣٨ ساڵ، بنکەیەکی زانیاری گرنگ بۆ پلاندانانی دروست دابین دەکات.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە