ئەپڵ ڕەنگە ملیۆنان دۆلار بە بەکارهێنەرانی ئایفۆن بدات.. ئایا تۆ یەکێکیت لەوان؟

چاوەڕوان دەکرێت ملیۆنان خاوەن مۆبایلی ئایفۆن بڕە پارەیەک وەک قەرەبوو لە کۆمپانیای “ئەپڵ” وەربگرنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمپانیاکە ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر پێدانی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ چارەسەرکردنی ئەو داواکارییە یاساییانەی کە تۆمەتباری دەکەن بە چەواشەکردنی کڕیاران سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی ژیریی دەستکرد (AI) لە مۆدێلە نوێیەکانی مۆبایلەکەیدا.

بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لە داواکارییە یاساییە بەکۆمەڵەکەدا پێشنیار کراوە، ئەو کڕیارانەی مەرجەکان دەیانگرێتەوە ڕەنگە بڕی ٢٥ تا ٩٥ دۆلار بۆ هەر ئامێرێک وەربگرن؛ ئەمەش بەپێی ژمارەی ئەو کەسانەی داواکاری قەرەبوو پێشکەش دەکەن و ژمارەی ئەو ئامێرانەی کە مەرجەکان دەیانگرێتەوە، وەک ئەوەی ڕۆژنامەی “نیوزویک”ی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە.

بەڵام ڕێککەوتنەکە پێویستی بە ڕەزامەندی دادگا هەیە و بڕیارە لە ١٧ی حوزەیرانی داهاتوودا (مانگی ٦) پێداچوونەوەی بۆ بکرێت؛ ئەمە بە یەکێک لە گەورەترین قەرەبووەکانی بەکارھێنەر دادەنرێت کە پەیوەندی بە کۆمپانیای ئەپڵەوە هەبێت، هەرچەندە کۆمپانیاکە هەر جۆرە سەرپێچییەکی ڕەتکردووەتەوە.

کێشەکە کە بە دۆسیەی “لاندشیفت” دژی ئەپڵ ناسراوە و ساڵی ڕابردوو لە دادگای کالیفۆرنیا تۆمار کراوە، دەسوڕێتەوە بەدەوری شێوازی بانگەشەکردنی ئەپڵ بۆ تایبەتمەندییەکانی “Apple Intelligence” و باشترکردنی یاریدەدەری دەنگی “Siri” لە کاتی ڕاگەیاندنی مۆدێلە نوێیەکانی ئایفۆن.

بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگا، داواکارەکان ئیدیعای ئەوە دەکەن کە ئەپڵ بە شێوەیەکی بەرچاو بانگەشەی بۆ توانای پێشکەوتووی ژیریی دەستکرد کردووە، بەڵام لە کاتی کڕینی مۆبایلەکاندا ئەو تایبەتمەندییانە بەردەست نەبوون. بەکارھێنەران دەڵێن ئەو بانگەشانە کاریگەری هەبووە لەسەر بڕیاری کڕینی مۆبایلەکان یان گۆڕینی مۆدێلی کۆن بۆ نوێ، لە کاتێکدا تایبەتمەندییە بەڵێندراوەکان دواکەوتوون یان بەو شێوەیە نەبوون کە لە سەرەتادا بانگەشەیان بۆ کراوە.

کێ مافی وەرگرتنی قەرەبووی هەیە؟

ڕێککەوتنەکە ئەو کڕیارانە دەگرێتەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە مۆدێلە دیاریکراوەکانی ئایفۆنیان لە نێوان ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ تا ٢٩ی ئازاری ٢٠٢٥ کڕیوە.

مۆدێلە دیاریکراوەکان بریتین لە:

  • ئایفۆن 16 (iPhone 16)

  • ئایفۆن 16 ئی (iPhone 16e)

  • ئایفۆن 16 پڵەس (iPhone 16 Plus)

  • ئایفۆن 16 پڕۆ (iPhone 16 Pro)

  • ئایفۆن 16 پڕۆ ماکس (iPhone 16 Pro Max)

  • ئایفۆن 15 پڕۆ (iPhone 15 Pro)

  • ئایفۆن 15 پڕۆ ماکس (iPhone 15 Pro Max)

بەڵگەنامەکانی دادگا مەزندە دەکەن کە نزیکەی ٣٧ ملیۆن ئامێر مەرجەکانی قەرەبووکردنەوەیان تێدابێت.

چۆن داوای قەرەبوو دەکرێت؟

بەپێی بەڵگەنامەکان، ئەو بەکارهێنەرانەی مەرجەکان دەیانگرێتەوە لە ڕێگەی ئیمەیڵ یان پۆستی ئاساییەوە ئاگادار دەکرێنەوە. دواتر ماڵپەڕێکی تایبەت بەم قەرەبووکردنەوەیە دەکرێتەوە کە ڕێنمایی و فۆرمی پێشکەشکردنی داواکارییەکانی تێدایە بۆ وەرگرتنی پارەکە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە