عادل رکابی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سادقون لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دوو لەسەر سێی کابینەکەی زەیدی لە دانیشتنی پەرلەمان پەسەند دەکرێت، بەڵام سێیەكی کۆتایی دوادەخرێت تا ئەوکاتەی دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن سەبارەت بە بەشداریکردنی گرووپەكان لە حکومەتەکەی زەیدی کۆتایی دێت.
عادل رکابی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆیندا باسی لەوەکردووە، زۆرینەی ئەو گرووپ و لایەنانەی خاوەنی چەکن، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە دەبێت رادەستی دەوڵەتی بکەن، بەڵام ناکۆکی ئێستا پەیوەندی بە میکانیزمی رادەستکردنەکە و ئەو قەوارەیە هەیە کە وەریدەگرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئامادەیی هەیە بۆ رادەستکردنی چەک و ناڕەزایی نییە بۆ ئەمە، بەڵام بەو مەرجەی لە رێگەی میکانیزمی عێراقییەوە ئەنجام بدرێت، هەروەها لیژنەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە سەرپەرشتی رادەستکردنەکە بکات و بدرێت بە دەستەیەکی فەرمی حکومی کە لە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندابێت.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، پشکی سادقون لەم حکومەتەدا وەزارەتی کار و پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت دەبێت، رەوتی حیکمە وەزارەتەکانی دارایی، لاوان و وەرزش، خوێندنی باڵا و ناوخۆ بۆ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، و کارەبا و نەوت و کشتوکاڵ بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەبێت.
