قائیمقامیەتی هەڵەبجە دەربارەی بەشەغازی خورماڵ و هەورامان ڕوونکردنەوە دەدات

قائیمقامیەتی هەڵەبجە ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن پشکی غازی خورماڵ و هەورامان ڕاگیراوە بۆ ئەوەی غازەکە بۆ ناوەندی هەڵەبجە تەرخان بکرێت.

ئەمشەو لیژنەی سووتەمەنی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی؛

​سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لە چەند پەیجێکی ناحیەکانی خورماڵ و هەورامان بڵاوکراونەتەوە، کە گوایە پشکی غازی ئەو ناوچانە ڕاگیراوە بۆ ئەوەی غازەکە بۆ ناوەندی هەڵەبجە تەرخان بکرێت؛ بۆ گشت لایەکی ڕوون دەکەینەوە کە ئەم هەواڵانە دوورن لە ڕاستی و پڕۆسەی دابەشکردنەکە بەبێ جیاوازی بەڕێوەدەچێت.

لە دوای هەڵپەساردنی کارەکانی کۆمپانیای دانا غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە مانگی ئازاردا، لە کۆی سێ کارگەی سنووری هەڵەبجە تەنها دوانیان غازیان لە کەرکووکەوە بۆ دابین کراوە، ئێمەش وەک لیژنە بە مەبەستی چەسپاندنی دادپەروەری، غازەکەمان وەک یەک پاکێج و بەبێ جیاوازی بەسەر ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، وسیروان و بیارەدا دابەش کردووە.

ئەم پڕۆسەیە بە ئاگاداری و هەماهەنگیی تەواوی بەڕێوەبەری ناحیەکان و بەپێی ڕێژەی دانیشتووان بووە، بە جۆرێک کە تاوەکو ئێستا لە ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، سیروان و تەوێڵە بۆ هەر خێزانێک بتڵێک غاز دابەش کراوە، جگە لەو پشکەی بۆ پێداویستی ناو بازاڕ تەرخان کراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ناو سەنتەری پارێزگای هەڵەبجەدا هێشتا چوار هەزاروپێنج سەدوشەست خێزان ماوە (بەوانەیشەوکە هاوسەگیری نوێ و ئەو خێزانانەی نیشتەجێی هەڵەبجەن، بەڵام فۆڕمی شوێنێکی دیکەیان هەیە) پشکی خۆیان وەرنەگرتووە. بۆ ڕێکخستنی باشتر و خێراکردنی پڕۆسەکە، بڕیار دراوە کە لەم بەروارەوە کارگەی غازی هەورامان تایبەت بکرێت بە دابینکردنی غاز بۆ ناوچەکانی خورماڵ، تەوێڵە و بیارە، و سێ کارگەکەی دیکەش غاز بۆ ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەی سیروان دابین بکەن. دووبارە دڵنیایی دەدەین کە دابەشکردنی غاز بەپێی ڕێژەی دانیشتووان و بە یەکسانی بەردەوام دەبێت و هیچ پشکێک لەسەر حیسابی ناوچەیەکی دیکە ڕانەگیراوە.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە