عێراق هەناردەی غاز بۆ هەرێم دەستپێدەكاتەوە

 

ئەندامێكی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت “دوای ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، سەردانی وەزارەتی نەوتیان کردووە و لەگەڵ عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری غاز کۆبوونەتەوە”.

سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری پارتی رایگەیاند “وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە ٢٢ی نیسانی ئەمساڵ بە نووسراوێک پشکی غازی شلی هەولێر و دهۆکی راگرتبوو، کە بڕەکەی رۆژانە ١٥٠ تۆنە. ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیان و بژێوی خەڵک دروست کرد و بووە هۆی کەمبوونەوەی غازی ماڵان و بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە بازاڕەکان”.

ئاماژەی بەوەشکرد کە “لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری وەزارەتی نەوت دراوە بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنی ١٥٠ تۆن غازی شل لە رۆژی پێنج شەممەی داهاتوو، ١٤ی ئایاری ئەمساڵ. هاوکات بڕیار دراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو رۆژانەی ناردنی غازەکە تێیاندا راگیرابوو”.

سەبارەت بە هۆکاری راگرتنی پشکی ئەو دوو پارێزگایە، سیپان شێروانی وتی، “ئێمەش هەمان پرسیارمان لە بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق کرد و ئەوانیش بیانووی ئەوەیان هێنایەوە، گوایە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بڕی غازی بەرهەمهاتوو لە عێراق بە گشتی کەمیکردبوو، بۆیە هەناردەکردنی غازیان بۆ هەولێر و دهۆک راگرتبوو” .

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە