عەبدولئەمیر یارەڵا، سوپاسالاری عێراق گەیشتە شارەدێی نخێب باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، ئەوەش بەمەبەستی بەداوادچوون لە ئامادەکارییە ئەمنییەکانی ناوچەکە.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، عەبدولئەمیر یارەڵا بە یاوەری شاندێکی باڵای سەربازیی، گەیشتووەتە شارەدێی نخێب بۆ بەداوادچوونی ئامادەکارییە ئەمنییەکانی شاەردێکە و ھێزە ئەمنییەکان بەسەر دەکاتەوە.
نخێب ئەو ناوچەیەیە کە سوپای ئیسرائیل بە نهێنی بنکەی سەربازی تێدا دروست کردبوو.
پێشتر ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ی ئەمریکی بڵاویکردبووەوە کە ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی نھێنی لە ناو بیابانەکانی عێراقدا دامەزراندبوو، ئەوەش بە ئامانجی پاڵپشتیکردن لە ھێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران.
دوێنێش فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا وەڵامی ئەو هەواڵانەی دایەوە کە باس لە بوونی بنکە و ھێزی سەربازیی نھێنی لە بیابانەکانی کەربەلا، ڕۆژھەڵاتی نخێب و نەجەف دەکەن و ڕایگەیاند: “ھیچ ھێزێکی بیانیی مۆڵەتپێنەدراو لەو ناوچانە و ھیچ شوێنێکی دیکەی عێراق بوونی نییە”.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوە خڕاوەتەڕوو ئەو پرسە پەیوەندی بە ڕووداوێکەوە ھەیە کە لە ٥ی مانگی ئاداری ئەمساڵدا روویداوە کە تێیدا ھێزە ئەمنییەکان لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی نخێب رووبەڕووی ھێزێکی نەناسراو بوونەوە کە بە فڕۆکە پشتیوانیی دەکردن و لەو پێکدادانەدا سەربازێکی عێراقی کوژراو و دووی دیکەش برینداربوون.


