هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بەردەوامن و ناکۆکیش لەسەر وەزارەتە ئەمنییەکن و خزمەتگوزارییەکان هەیە.
محەمەد ساعیدی، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی، جەختی لەوە کردەوە کە چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوامە لە تەواوکردنی رێکارەکانی پێشکەشکردنی کابینەی وزاری بە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەری لە وادە دەستوورییەکاندا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێک وەزارەت، بەتایبەت وەزارەتە ئەمنییەکان و خزمەتگوزارییەکان، هێشتا لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت و بە چەند قۆناغێک یەکلایی دەکرێنەوە.
ساعدی وتیشی: “هیچ ئاماژەیەک بۆ دواخستن نییە”ی پێکهێنانی حکومەت نییە و پێشبینی کرد لە چەند کاتژمێر یان رۆژی داهاتوودا پێکهاتەی حکومەت یەکلایی بکرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، پەرلەمانتار تالب بەیزانی ڕایگەیاند پێکهێنای حکومەت بەرەو دەنگدان هەنگاو دەنێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە لایەنە سیاسییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی کاندیدەکانی خۆیان پێشکەش کردووە، هەرچەندە هەندێک ناکۆکی لەسەر ژمارەیەک لە پۆستە وزارییەکان هەیە.
هاوکات، محەمەد ئەبولعەیس، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سادیقون هۆشداری دا لەوەی کاتەکان بەفیڕۆ بچن و وادە دەستوورییەکە کە 30 رۆژە کۆتایی بێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەم دواکەوتنە کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری سیاسی دەبێت و دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ دوادەخات؛ داواشی کرد کابینەیەکی تەواو و تۆکمە پێشکەش بکرێت کە کەسایەتی بەتوانا بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت لەخۆبگرێت.
دوێنێش سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە کۆبوونەوەیەکدا داوایان کرد پەلە بکرێت لە تەواوکردنی کابینەی وزاری لە چوارچێوەی ئەو ماوەیەی لە ماددەی (٧٦/ دووەم)ی دەستووردا دیاریکراوە. ماددەکە دەڵێت: “سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو، ناوی ئەندامانی کابینەکەی لە ماوەیەکدا کە ۳۰ رۆژ تێنەپەڕێت لە مێژووی راسپاردنییەوە پێشکەش دەکات”.
هەروەها بڕگەی سێیەمی هەمان ماددە ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر راسپێردراو نەیتوانی لەو ماوەیەدا حکومەت پێکبهێنێت، سەرۆک کۆمار لە ماوەی ١٥ رۆژدا کاندیدێکی نوێ بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران رادەسپێرێت.
