ترەمپ: بیر لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورە دەکەینەوە

ترەمپ: بیر لە فراوانکردنی ‘پڕۆژەی ئازادی’ و دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی گەورە لە تەنگەی هورمز دەکەینەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی تاوتوێی بژاردەی دەستپێکردنەوە و درێژکردنەوەی “پڕۆژەی ئازادی” دەکات، بەڵام بە ستراتیژێکی سەربازیی زۆر فراوانتر لە پێشوو.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ “جان ڕابێرتز” پەیامنێری کەناڵی فۆکس نیوز، سەرۆک ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئەگەر بڕیاری دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکە بدرێت، پرۆسەی ڕێنماییکردنی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز تەنها بەشێکی بچووک دەبێت لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورەتر کە ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ئەنجامی دەدات.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کردووە کە تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکە نەدراوە و بابەتەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، “پڕۆژەی ئازادی” هەفتەی ڕابردوو لەلایەن واشنتۆنەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریایی ڕاگەیەندرا، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم و لەسەر داوای فەرمی حکومەتی پاکستان ڕاگیرا، ئەوەش بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ تاران.

ئەم لێدوانە نوێیانەی ترەمپ ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ ئەگەری گۆڕانی ستراتیژی واشنتۆن بەرامبەر بە ئاسایشی ئاوە نێودەوڵەتییەکان و جووڵە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرچاوە: فۆکس نیوز

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە