شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لەبارەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ی ئەمریکی سەبارەت بە دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازیی نھێنی ئیسرائیل لە بیابانەکانی عێراق ڕایگەیاند کە ھیچ ھێزێکی بێ مۆڵەت لە ناوچە بیابانییەکانی عێراقدا نییە.
ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” بڵاویکردەوە کە ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی نھێنی لە ناو بیابانەکانی عێراقدا دامەزراندووە، ئەوەش بە ئامانجی پاڵپشتیکردن لە ھێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران و ئاماژەی بەوەشدابوو کە ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگەکەدا بۆ ئەوەی شوێنی بنکەکە ئاشکرا نەبێت، ھێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر ھێزە عێراقییەکان کە خەریک بووە شوێنی بنکەکە ئاشکرا بکەن.
لەوبارەیەوە سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە وەڵامی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”دا ڕایگەیاند، “ژمارەیەک لە میدیاکان باسیان لەوە کردووە کە ئۆپەراسیۆنێکی دابەزینی ئاسمانیی لە بیابانەكانی کەربەلا و ڕۆژھەڵاتی نەخیب و نەجەف ڕوویداوە، بەڵام ئەو پرسە پەیوەندی بە ڕووداوێکەوە ھەیە کە لە ٥ی مانگی ئاداری ئەمساڵدا روویداوە”.
سەعد مەعن باسی لەوەش کردووە کە لەو ڕۆژەدا، کاتێک ھێزێکی ھاوبەشی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا و نەجەف ڕەوانەی شوێنی ئۆپەراسیۆنی دابەزینی ئاسمانییەکە کرا و ئەو کات لەگەڵ ھێزێکی نەناسراو بێ مۆڵەتدا رووبەڕوی پێکدادان بوویەوە و بەھۆیەوە ئەندامێکی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق کوژراوە و دووی دیکەش برینداربوون.
ڕاشیگەیاندووە، دوای پێکدادانەکە ھێزەکەی سەربە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەربەلاو نەجەف، ھەر لە ناوچەکە ماونەتەوەو ھەمو ناوچە بیابانییەکانیان پشکنیوە، ھیچ ھێزێکی بێ مۆڵەتیان نەدۆزیوەتەوە، ھێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە ئەرکەکانیان.
سەعد مەعن ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ھەر ئەو کات لە کاتی ڕووداوەکەی ٥ی ئاداردا، ڕێوشوێنی پێویست لەوبارەیەوە گیراوەتەوە و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ھیچ ھێزێکی بێ مۆڵەت لە ناوچە بیابانەکانی عێراقدا، بوونی نییە.
