دەروازەیەک بۆ ناخی مانگ؛ نهێنییەکانی “حەوزی ئایتکین” چاوەڕێی کەشتیوانانی ئارتەمیس-3 دەکات.
زانایانی گەردوونناسی وردەکاری نوێ و گرنگیان دەربارەی “حەوزی ئایتکین” (South Pole–Aitken) لە جەمسەری باشووری مانگ ئاشکرا کرد، کە گەورەترین و کۆنترین چاڵی پێکدادانە لەسەر ڕووی مانگ. ئەم دۆزینەوەیە لە کاتێکی هەستیاردا دێت کە ئاژانسی “ناسا” ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی گەشتی مرۆیی “ئارتەمیس-3” (Artemis III) بۆ ئەو ناوچەیە لە ساڵی 2028دا.
توێژینەوە نوێیەکە کە لە گۆڤاری (Science Advances) بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ناوچەیە دەرفەتێکی بێوێنە دەداتە زانایان بۆ دەستکەوتنی نموونەی ڕاستەوخۆ لە “کۆڵەکەی مانگ” (Mantle)، کە چینێکی قووڵی ژێر توێکڵی مانگە و تا ئێستا هیچ گەشتێکی پێشوو نەیتوانیوە لێی بکۆڵێتەوە.
بۆ ماوەی چەندین دەیە، شێوەی هێلکەیی ئەم حەوزە کە زیاتر لە 2000 کیلۆمەتر درێژە، زانایانی سەرسام کردبوو. بە بەکارهێنانی مۆدێلی سێ ڕەهەندی، دەرکەوتووە کە:
ئەو تەنەی کاتی خۆی کێشراوە بە مانگدا، لە باکوورەوە بەرەو باشوور جووڵاوە.
ئەم تەنە تیرەکەی نزیکەی 260 کیلۆمەتر بووە و بە خێرایی 13 کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا کێشراوە بە مانگدا.
پێکدادانەکە بە گۆشەیەکی لار بووە کە نزیکەی 30 پلە بووە.
پێکدادانە بەهێزەکە بووەتە هۆی هەڵکەندنی توێکڵەکە و فڕێدانی ماددەکان لە قووڵایی ناخی مانگەوە بۆ سەر ڕووی زەوی. مۆدێلە نوێیەکان نیشانی دەدەن کە ئەو ماددانەی لە ناخی مانگەوە فڕێدراونەتە دەرەوە، بە شێوەی “باڵی پەپوولە” بڵاوبوونەتەوە و تا مەودای 550 بۆ 650 کیلۆمەتر لە چاڵەکە دوورکەوتوونەتەوە.
ئەم ئەنجامانە پاڵپشتییەکی گەورەن بۆ بەرنامەی “ئارتەمیس”. پێشتر وا دەزانرا شوێنی نیشتنەوەی کەشتییەکە ماددەی قووڵی تێدا نییە، بەڵام بەپێی سیناریۆ نوێیەکە، “ئارتەمیس-3” ڕێک لەو شوێنە دەنیشێتەوە کە پڕە لە ماددەی هەڵکەندراوی ناخی مانگ. ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی دروستبوونی مانگ و مێژووی سەرەتای کۆمەڵەی خۆر.
