ئەبوبەکر عەلی
چەند پێشنیارێک بۆ حکومەت و پارتەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و ناوەندە فیکری و جەماوەرییەکان وهەرکەسێک جێگەی بایەخییەتی.
پێش هەموو شتێک جێگەی داخە لەکاتێکدا گەورە جەللادێکی وەکو عەجاج وتاوانبارێکی پرۆسەی جینۆسایدکردنی گەلەکەمان دادگایی دەکرێت، دۆخی کوردستانی باشوورو پەیوەندی نێوان هێزەکانی و واقیعی حوکمڕانییەکەی بەوجۆرەیە کە دەیبینین.
ئەوە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەوڕابردووە کارەساتبارەی نەتەوەکەمان، بەئاستی جیاواز، بەو ئەندازە یاداوەری نوخبەی بریاربەدەستی حیزبیی پێکناهێنێت، بەشی زاڵبوون بەسەرناکۆکییەکان، بیناکردنەوەی پەیوەندییەکان، سەرخستنی پرۆسەی نیشتیمانسازی و هەرێمێکی تۆکمەو یەکگرتوو چاوبڕینە سەربەخۆیی بکات، کە جگە لەو، هیچ شتێک لەئاستە نەتەوەییەکەدا بارتەقای جینۆسایدکردنی گەلێک و هەوڵی تەفرووتووناکردنی نییە. هەرچۆنێک بێت بەم بۆنەوە جەخت لەسەر ئەم پێشنیارو خاڵانەی خوارەوە دەکەینەوە:
١- دیاریکردنی ڕۆژێک بۆیادکردنەوەی ساڵانەی جینۆسایدکردنی گەلی کورد لە عێراق و کۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. دەکرێت یەکێ لە بژاردەکان ڕۆژی دەستپێکردنی پرۆسەی ئەنفالەکان بێت. لەم رۆژەدا هاوشێوەی هەندێ میللەتی تر، لەسەرتاسەری دنیادا، پارچەکانی کوردستان و دیاسپۆرا، هەموو ساڵێک خۆپیشاندانی ملێۆنیی ڕێکبخرێت، هەندێ رەمزی ڕژێمی بەعسی تێدا بسووتێنرێت و کاری پێویستیتر ئەنجام بدرێت. ئەم چالاکییە جگەلە دەربڕینی نەفرەت لەو تاوانە و جەختکردنەوە لەسەر زیندوێتی و مانەوەی کورد، دەبێتە کەرەسەیەکی گرنگی ناسنامە سازی نەتەوەیی وهاوچارەنووسیی ڕۆڵەکانی، وەبیرجیهانیش دەهێنرێتەوە، نەتەوەیەکی گەورەی جیهان کە جینۆسایدکراوە هێشتا وەک پێویست شوێنی خۆی لەسەر شانۆی جیهاندا نەگرتووەو بێ دەوڵەتە.
٢ – ساڵانە هەفتەی زیندوو کردنەوەیەکی تایبەتی ئەم یادە و کۆی یادە جەرگبرەکان هەبێت، تیایدا پێشبڕکێی ئەدەبی و هوونەری وفیکریی ئەنجام بدرێت، خەڵاتی باشترین رۆمان، فیلمی سینەمایی، کتێب ودەقی شیعریی وچیرۆک بکرێت، گرنگیشە دەستەیەکی چەسپاو سەرپەرشتی ئەمە بکات، بۆ کاری ستراتیژی هاوشێوەی بەرهەمهێنانی چەند فیلمێک لەسەرئاستی جیهانی و کۆنگرەی نێودەوڵەتی لەپایتەختە گەورەکان وهەوڵی داننان بەجینۆسایدکردنی کورد لەلایەن پەڕلەمانی وڵاتان وکۆڕو کۆمەڵە نێو دەوڵەتیەکانەوە، نەخشەی (٣-٥) ساڵی هەبێت حکومەتیش دەستکراوانە بودجەی بۆ دیاری بکات
٣- سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هەموو ئەو بابەتانەی دەربارەی ئەنفال و کارەسات و بۆنە نەتەوە گەورەییەکانیتر لەپرۆگرامەکانی خوێندندا دیاریکراون، لەروانگەی پێویستییەکانی نیشتیمان و گەلسازی و قووڵکردنەوەی گیانی نیشتیمانپەروەرێتی کوردستانیی وتێپەڕاندنی دابەشبوونە خوارنەتەوەییەکان.
