تای خوێنبەربوون لە زیقار بڵاودەبێتەوە؛ ١٦ تووشبوو و دوو گیانلەدەستدان تۆمارکران.
سەرچاوە پزیشکییەکان لە پارێزگای زیقار ڕایانگەیاند، کە ژمارەی تووشبووانی پشتڕاستکراوە بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە ١٦ کەس. بەپێی ئامارەکان، تا ئێستا دوو کەس بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییان و لێکەوتەکانی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە.
ژمارەیەک لە تووشبووان دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست چاکبوونەتەوە، بەڵام چەندین حاڵەتی تری تووشبوون هێشتا لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان و لە بەشەکانی کەرەنتینەدا ماونەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی زیقار یەکێکە لەو پارێزگایانەی زۆرترین ڕێژەی تووشبوونی تێدا تۆمارکراوە، بەڵام بەرپرسانی تەندروستی جەخت دەکەنەوە کە دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە.
تیمە ڤێتێرنەری و تەندروستییەکان دەستیان کردووە بە هەڵمەتی دەرمانڕێژکردنی شوێنی ئاژەڵەکان و هۆشیارکردنەوەی قەساب و ئاژەڵداران سەبارەت بە مەترسییەکانی گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ.
تەندروستی پارێزگاکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی گوماناوی، بە زووترین کات سەردانی ناوەندە تەندروستییەکان بکەن، چونکە دەستنیشانکردنی پێشوەختە چانسی چاکبوونەوە زیاد دەکات.
