ترەمپ پشتیوانی خۆی بۆ زەیدی ڕاگەیاند

ئەمڕۆ شەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو، عەلی زەیدی کرد و پشتیوانی خۆی بۆ دوپاتکردەوە.

ترەمپ، بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە عێراق رووی داوە زۆر باش بووە و من بە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو (عەلی زەیدی) دڵخۆشم”.

ئەمە یەکەم لێدوانی سەرۆکی ئەمریکایە لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، لە دوای راسپاردنی عەلی زەیدی، بۆ پێکهێنانی کابینەکە.

رۆژی چوارشەممەی رابردووش، پێت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە زەیدییەوە کرد و پیرۆزبایی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لێ کرد.

پێشتریش باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا پشتیوانیی خۆی بۆ راسپاردنی عەلی زەیدی، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق راگەیاندبوو.

ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر ترەمپ بە فەرمی دژایەتیی خۆی بۆ راسپاردنی نووری مالیکی بۆ پێکهێنانی حکومەت راگەیاندبوو و داوای گۆڕینی کردبوو؛ هەر بۆیە زەیدی لە جێگەی مالیکی راسپێردرا.

عەلی فالح زەیدی لە 27ـی نیسانی 2026 لەلایەن نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراقەوە بە فەرمی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق راسپێردرا، ئەمەش دوای ئەوە هات لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر کاندیدکردنی رێککەوتن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە