کۆتر وەک یەکێک لە باڵندە ھێمن و خۆڕاگرەکان، لە مێژوودا پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ مرۆڤ ھەبووە و تا ئێستاش ئەم پەیوەندییە بەھێز ماوەتەوە.
ئەم باڵندەیە نەک تەنھا بەھۆی جوانی و ئارامییەکەی ناسراوە، بەڵکو لە زۆر کولتووردا بووەتە ھێمای ئاشتی، کۆترەکان بە شێوەی کۆمەڵ دەژین و ئەم شێوازە ژیانە یارمەتییان دەدات بۆ پاراستنی خۆیان و دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکان. ھەندێک جۆری کۆتر، بە تایبەتی جۆری “تار”، بە توانای بەرزی فڕین ناسراون و دەتوانن ماوەیەکی زۆر لە ئاسماندا بمێننەوە، ئەمەش بووەتە ھۆی سەرنجڕاکێشانی خەڵکێکی زۆر بۆ بەخێوکردنیان.
بەخێوکردنی کۆتر لەگەڵ ئەوەی حەز و خوولیایە، لە ھەمانکاتدا دەتوانێت سەرچاوەیەکی باشی داھات بێت بۆ ئەو کەسانەی کە ئەم کارە دەکەن و مەلا مەریوان نامق یەکێک لەوانەیە کە ماوەی نزیکەی نیو سەدەیە خەریکی بەخێوکردنی کۆترە و ئێستاش لە ماڵەکەی خۆیدا لە گوندی گردمەلای سەر بە قەزای قوشتەپە لە پارێزگای هەولێر، ڕووبەڕێکی زۆری بۆ کۆترەکان دابینکردووە و بەشێوەیەکی تەلارسازیی ژوورەکانی ڕێکخستووە و کۆترەکانی بەسەردا پۆڵین کردوون، جێگای ئەو کۆترانەشی جیاکردووەتەوە کە لەسەر هێلکەکان هەڵکورماون و چاوەڕوانیی تورکاندنن.
مەریوان نامیق ئەحمەد، ناسراو بە مەلا مەریوان تەمەنی ٥٥ ساڵ دەبێت و، زیاتر لە ھەزار کۆتری جۆری تار بەخێو دەکات و ڕۆژانە کاتێکی زۆر لەگەڵیان بەسەردەبات، ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە گرنگییپێدان و پاکڕاگرتنی شوێنەکەیان، گرنگترین ھۆکارە بۆ گەشەی باشی کۆترەکان.
مەلا مەریوان نامیق ڕایگەیاند: “لە تەمەنی ١٠ ساڵییەوە خەریکی بەخێوکردنی کۆتر بوومە و حەز و خوولیام بۆی هەبووە، لە ژمارەیەکی کەم کۆتر دەستم پێکردووە و تا گەیشتە ئەو ژمارە زۆرەی ئێستا کە سەرووی هەزار کۆترە و ڕۆژانە لەگەڵیاندا دەژیم”.
لە ڕووی پزیشکی و چاودێرییەوە، کۆترەکان پێویستیان بە گرنگی تایبەت ھەیە، چونکە ھەندێک نەخۆشی ھەن کە چارەسەری تەواویان نیە، بەڵام دەتوانرێت بە کوتان پێشگیریی لێ بکرێت و هەروەها لەبارەی فڕینیانەوە، مەلا مەریوان وتی: “ڕێکخستنی کاتی فڕین و نیشتنەوە بۆ پشوودان زۆر گرنگە، بۆ نموونە ئەگەر کۆترێک ٦ کاتژمێر یان زیاتر بفڕێت، پێویستە چەند ڕۆژێک پشووی پێ بدرێت. لە ڕووی ئابوورییەوە، نرخی کۆترەکان جیاوازە و بە گوێرەی جۆر و توانا و نەوەیان دیاریی دەکرێت، تا دەگاتە نرخێکی بەرز، هەروەها جگە لە ناوخۆ، لە دەرەوەی وڵاتیش خواستی لەسەرە و بەم دواییە پێنج تاک کۆترمان ناردە بەریتانیا”.
مەلا مەریوان وتیشی: “کۆترەکانم چونکە لە جۆری “تار”ن، دەتوانن تا ١٢ کاتژمێر بفڕن و ئەوانەی زیاتر لە ١٠ کاتژمێر لە ئاسماندا دەمێننەوە بە باشترین جۆر دادەنرێن و پێویستیشە لە بەیانییەکی زووەوە هەڵیانفڕێنی چونکە زۆر دەمێننەوە و نابێت کاتەکەی بگاتە شەو، لەم حاڵەتەدا ڕەنگە نەتوانن لە شوێنی خۆیان بنیشنەوە”.
لە ڕووی تەمەن و شێوازی زاوزێکردنییانەوە، مەلا مەریوان وتی: “تا تەمەنی ١٠ ساڵیی دەژین، واتا بە درێژایی ١٠ ساڵ دەفڕن و وەرزی زاوزێکردنییشیان لەدەست خاوەنەکەیتی بەڵام بە گشتی دەیخەینە سەرەتای وەرزی بەهار، مێینەکە دوو هێلکە دەکات و ماوەی ٤٠ ڕۆژ لەسەر هەڵدەکورمێ و پاشان دەتروکێت”.
کۆترەکان زیاتر گەنم و هەرزن دەخۆن، وەک مەلا مەریوان ئاماژەی پێکرد، ڕۆژانە خەرجی کۆترەکان ٣٠ هەزار دینارە و لەبەرامبەریشدا بە نرخێکی دیکە کۆترەکان دەفرۆشێت و لەبارەی بەرزترین نرخیشەوە، مەریوان نامق وتی: ” گرانترین کۆتر کە فرۆشتوومە، جۆری “تار” بوو، چوار جووت بە ١٤ هەزار دۆلار کە کڕیارەکە بردیەوە بۆ بەریتانیا، لەم ماوەیەشدا جووتێکم بە دوو هەزار دۆلار فرۆشت، هەروەها ئەم نەوەیەی کە ئێستا پێدەگات، خەڵکێکی زۆر نۆرەی بۆ گرتووە و پێیان دەفرۆشم”.
کۆتر لە زۆرینەی ناوچەکانی جیھاندا بڵاوبووەتەوە و مەودایەکی فراوانی بۆ فڕین هەیە، جگە لە ناوچە ساردەکان و، لە ڕابردووشدا چەندین سوودی هەبووە کە گرنگترینیان جۆری نامەبەر بووە هەروەها بەشێکیان لە تاقیگە پزیشکییەکاندا سوودیان لێ وەردەگیرێت.
لە ڕووی جەستییەوەش دەنووکێکی درێژیی هەیە و قەبارەیان بەپێی جۆری کۆترەکە دەگۆڕێت بەڵام بە گشتی کێشیان لە ٣٠ گرام بۆ یەک کیلۆ دەبێت و درێژییەکەشی لە ١٥ سانتیم بۆ ٢٠ سانتیم دەبێت و بەهۆی ئەوەی ئێسک سەدا ٤٤ی باڵەکانی پێکدەهێنێت بۆیە بە هۆیەوە دەتوانێت بە باشی بفڕێت.
کۆترەکان بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ یەکتردا کۆمەڵێک دەنگ و ئاواز دەردەکەن و ئەمەش بۆ گفتوگۆ و ئاگادارکردنەوەی یەکتر بەکاری دەهێنن.




