وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی ڕاگەیاند

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر چوار کەسایەتی و چوار کۆمپانیای عێراقیدا کە پەیوەندییان بە نەوت و ئێرانەوە هەیە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، ئەمڕۆ پێنجشەممە (٧ی ئایاری ٢٠٢٦)، سەپاندنی سزای بەسەر چوار کەسایەتی و چوار کۆمپانیای عێراقیدا ڕاگەیاند کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆربەی ئەو کۆمپانیایانەی سزا دراون پەیوەندییان بە کەرتی نەوتەوە هەیە.

لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکادا هاتووە: “ئەو کەسانەی خراونەتە لیستی سزاکانەوە بریتین لە محەمەد عیسا کازم شوێڵی کە بە (ئەبو مەریەم)یش ناسراوە، لەدایکبووی ١٩ی ئایاری ١٩٨٢، ئەم سزایە بەپێی ڕێساکانی سزای دارایی حزبوڵڵا بەسەریدا سەپێندراوە و پەیوەندی بە عەلی قەسیرەوە هەیە.”

بەیاننامەکە زیادیشی کردووە: “کەسی دووەمی سزادراو بریتییە لە عەلی مەعارج بەهادلی، لەدایکبووی ١ی تەممووزی ١٩٦٦ لە میسان، کە پەیوەندی بە سەعید سالم ئەحمەدەوە هەیە.”

هەروەها هاتووە: “سزاکان مستەفا هاشم لازم بەهادلی گرتووەتەوە، کە بە (عون سەید)یش ناسراوە، لەدایکبووی ٢١ی ئابی ١٩٨٠.”

ئاماژە بەوەش کراوە کە: “کۆتا کەسی سزادراو بریتییە لە ئەحمەد خدەیر مەکسوسی، لەدایکبووی ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٠، کە پەیوەندی بە کەتائیبی سەیدولشوهەداوە هەیە.”

لە بەیاننامەکەدا ڕوون کراوەتەوە کە: “سزاکان کۆمپانیای (الخليج للطاقة) بۆ گواستنەوەی گشتی و خزمەتگوزارییە دەریاییەکان و ڕاوێژکاریی خانووبەرەی گرتووەتەوە کە بارەگا سەرەکییەکەی لە بەغدایە؛ ئەم کۆمپانیایە تایبەتە بە گواستنەوەی کاڵای دەریایی و کەناراوەکان و پەیوەندی بە مستەفا هاشم لازم بەهادلییەوە هەیە.”

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە: “سزاکان کۆمپانیای (الخليج لخدمات النفط المحدودة) لە بەغدا دەگرێتەوە، کە پشتگیری لە چالاکییەکانی دەرهێنانی پترۆڵ و گازی سروشتی دەکات و پەیوەندی بە مستەفا بەهادلییەوە هەیە.”

لە کۆتاییدا هاتووە کە سزاکان کۆمپانیای (الخليج للمقاولات العامة المحدودة) لە بەغدا و کۆمپانیای (العراق الدولية للطاقة) بۆ هاوردەکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە بەغدا گرتووەتەوە، کە هەردووکیان پەیوەندییان بە بەهادلییەوە هەیە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە