موحسین ڕەزایی: ئارامیمان کۆتاییهات

ڕاوێژکارێکی خامنەیی کۆتاییهاتنی “ئارامی ستراتیژی” و قۆناغێکی نوێ لە گەرووی هورمز ڕادەگەیەنێت.

موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری باڵای ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە (٧ی ئایاری ٢٠٢٦) ڕایگەیاند کە تاران دەستبەرداری سیاسەتی “ئارامی ستراتیژی” بووە. ناوبراو سیناریۆ “نمایشکارییەکانی” واشنتۆنی سەبارەت بە گەرووی هورمز ڕەتکردەوە و جەختی لەسەر سووربوونی وڵاتەکەی کردەوە بۆ وەرگرتنەوەی تەواوی ماف و قەرەبووەکانی.

لیوا موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران، لە لێدوانێکی میدیاییدا جەختی کردەوە: “تاران هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخەی کە پێش جەنگە ١٢ ڕۆژەییەکەی ساڵی ڕابردوو تێیدا بوو”. بە شێوەیەکی بڕیارلێدراو ڕایگەیاند کە ئێران کۆتایی بەو سیاسەتی “ئارامی ستراتیژییە” هێناوە کە پێشتر پەیڕەوی دەکرد.

ڕەزایی ڕوونی کردەوە: “ئیدارەی ئەمریکا لە ڕێگەی وروژاندنی پرسی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، هەوڵ دەدات کارێکی نمایشکاری ئەنجام بدات وەک زەمینەسازییەک بۆ چوونە دەرەوە لە ناوچەکە، بەڵام ئێران ڕێگە نادات ئەم پلانە تێپەڕێت یان هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە ببنەوە”.

هەروەها وتیشی: “پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا قەرەبووی تەواوی ئەو زیانانە بکاتەوە کە بە ئێرانی گەیاندووە”، جەختیشی کردەوە کە تاران بەبێ هیچ سازشێک تەواوی مافەکان و قەرەبووە شایستەکانی وەردەگرێت.

لە کۆتاییدا ڕەزایی متمانەی خۆی نیشاندا کە “ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو داڕمان و هەرەسی حەتمی هەنگاو دەنێت”، پێشبینی کەوتنی ئەو “قەوارە داگیرکەرە” و گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری هەمیشەیی بۆ ناوچەکەی کرد.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە