هێمن هەورامی: چوار وەزارەت بۆ کورد دەبێت

هێمن هەورامی: لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی گەیشتووینەتە ڕێککەوتن و چوار وەزارەت بۆ کورد یەکلا بووەتەوە

دکتۆر هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، نوێترین پێشهاتەکانی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئاشکرا کرد. ناوبراو ڕایگەیاند، کە پارتی هەرگیز بەغدای بەجێنەهێشتووە و ئێستا قۆناغێکی نوێی لێکتێگەیشتن دەستیپێکردووە.

هێمن هەورامی، لە چاوپێکەوتنێکی میدیایی ئاماژەی بەوە کرد، کە دوای کۆبوونەوەکانی مەسعود بارزانی لەگەڵ شاندی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕێککەوتنێکی فەرمی لە نێوان هەردوولا واژۆ کراوە. ئەم ڕێککەوتنە “پابەندبوون بە دەستوور” دەکاتە بنەمای سەرەکی بۆ کارکردنی پێکەوەیی لە قۆناغی داهاتوودا.

سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان، هەورامی ڕایگەیاند کە تاوەکو ئێستا چوار وەزارەت بۆ کورد یەکلا کراونەتەوە، کە بریتین لە:

  • وەزارەتی دەرەوە

  • وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن

  • وەزارەتی داد

  • وەزارەتی ژینگە

ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی “بەرکەوتەی هەڵبژاردن”، ئەگەری زۆرە هەردوو وەزارەتی دەرەوە و ئاوەدانکردنەوە بۆ پارتی بن.

لە لایەکی دیکەوە، هێمن هەورامی تیشکی خستە سەر چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێم و ڕایگەیاند، کە هەوڵەکان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان “کاتیان کوشتووە” و کێشەی سەرەکی یەکێتی لەسەر “پۆستە نەک بەرنامەی حکومەت”.

ئەو بەرپرسەی پارتی پێشنیازێکی مێژوویی حیزبەکەی بۆ یەکێتی ئاشکرا کرد کە بریتی بووە لە: “پشتیوانیکردنی پارتی بۆ کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە بەرامبەر پێکهێنانی حکومەتی هەرێم”، بەڵام یەکێتی ئەو پێشنیازەی ڕەتکردووەتەوە.

بۆ چارەسەری دۆخەکە، هەورامی هۆشداری دا و دوو ڕێگەچارەی خستە ڕوو:

  1. کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە.

  2. ئەگەر ڕێککەوتن نەکرا، پەنابردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە “پارتی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەیە” و ناتوانێت ڕێگە بدات دۆخی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بە چەقبەستوویی بمێنێتەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە