ئەم ساتە لە کاتی پەخشی ڕاستەوخۆی ئاهەنگی دەرچوون کە لە هۆڵی “پاولی پاڤیلیۆن” لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەڕێوەچوو، تۆمارکراوە؛ پاشان گرتە ڤیدیۆکە لە هەردوو سەکۆی ئینستاگرام و ئێکس بڵاوکرایەوە و ملیۆنان بینەری هەبوو.
لە ڤیدیۆیەکی کورتدا کە لەسەر شاشەیەکی زەبەلاح نمایشکرا، خوێندکارێک بە ناوی “ئەندرێ مای” کە پسپۆڕی زیندەزانیی کۆمپیوتەری و سیستمەکانە، دەرکەوت کە کۆمپیوتەرە گەورە (لاپتۆپ)ەکەی بەدەستەوەیە و بڕێکی زۆر لەو دەقانە نیشان دەدات کە لەلایەن ژیریی دەستکردەوە دروستکراون، کە وەک خۆی دەڵێت بۆ سەرکەوتن لە تاقیکردنەوە کۆتاییەکانیدا بەکاریهێناون.
“مای” لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە بە جۆش و خرۆشەوە بە ناو ئەو بەڵگانەی سەر شاشەکەی دەچێتە خوارەوە، لە کاتێکدا هاوڕێ دەرچووەکانی لە پشتەوە هاوار دەکەن و هانی دەدەن، ئەویش لێوەکانی دەجوڵێنێت و دەڵێت: “با دەست پێ بکەین!!!!!!”.
ڤیدیۆکە لای زۆرێک لە بینەرانی سەر هێڵی ئینتەرنێت جێگەی ڕەزامەندی نەبوو، چونکە زۆر کەس پێیان وابوو ئەم ڕووداوە نیشانەی پاشەکشەی ئاستی ئەکادیمی و ئەخلاقییە. بەڵام هەندێکی تر بەرگرییان لە خوێندکارەکە کرد و پێیان وابوو بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد فێڵکردن نییە، بەڵکو سەلماندنی توانای ئەو بووە لە بەکارهێنانی ئامرازە بەردەستەکان بە شێوەیەکی کاریگەر بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی لێی داواکراوە، ئەمەش دەسەلمێنێت کە لە جیهانی ڕاستەقینەشدا ئەنجامی هاوشێوە پێشکەش دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، “مای” لە گرتە ڤیدیۆیەکی نوێدا کە لە ئینستاگرام بڵاوی کردەوە، ڕوونکردنەوەی دا لەسەر ئەوەی چی لەسەر شاشەی کۆمپیوتەرەکەی هەبووە و ئاماژەی بەوە کرد کە ChatGPTـی بەکارهێناوە بۆ یارمەتیدان لە دوو تاقیکردنەوەی کۆتایی ئاڵۆزدا، کە یەکیان دەبوو کاتژمێر پێنجی ئێوارە و ئەویتریان نیوەشەو ڕادەست بکرێن.
“مای” وتی: “من خەریکی تەواوکردنی هەموو ئەو بەڵگەنامانە بووم کە بۆ تاقیگەی فێربوونی ئامێر (Machine Learning) ئەنجامم دابوون، هەروەها دەبوو ژیریی دەستکرد بەکاربهێنم بۆ کورتکردنەوەی هاوکێشە سەرەکییەکان کە لە دوا تاقیکردنەوەی ژیانی زانکۆمدا بەکاریان دەهێنم”.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە فێڵکردن نەبووە چونکە ڕەزامەندی مامۆستاکانی وەرگرتبوو، وتیشی: “مامۆستاکانم بەڕاستی هانی بەکارهێنانی ژیریی دەستکردیان دەدا، تا ئەو ئاستەی کاتێک تیمی شاشە زەبەلاحەکە هاتن، من شاشەکەم وەرگێڕا و ئەوەی دەمکرد نیشانم دان، هەرگیز چاوەڕێی ئەم هەموو سەرنجە زۆرەم نەدەکرد”.
“مای” لە درێژەی قسەکانیدا وتی کە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکردی بە چەندین شێوە وەک خوێندکارێکی زانکۆ بەکارهێناوە، لە تێگەیشتن لە سیستمەکانی کارپێکردن و تۆڕەکانی کۆمپیوتەرەوە تا دەگاتە هەڵبژاردنی باشترین ئامێرەکانی دی جەی (DJ).
سەرەڕای ئەمەش، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هێشتا نیگەرانن لە بڵاوبوونەوەی فراوانی ژیریی دەستکرد لە پۆلەکاندا. بەپێی ڕاپۆرتێکی سەنتەری توێژینەوەی “پیو”، نزیکەی %26ـی خوێندکارانی هەرزەکار ChatGPTـیان بەکارهێناوە بۆ یارمەتیدان لە ئەرکە قوتابخانەییەکانیاندا لە ساڵی 2024، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023دا تەنها %13 بووە.
هەندێک توێژینەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەکارهێنانی ChatGPT لە ئەنجامدانی ئەرکەکاندا ڕەنگە ببێتە هۆی پاشەکشەی لێهاتووییە مەعریفییەکان. توێژینەوەیەکی جێگەی نیگەرانی کە لە پەیمانگای ماساشوستس بۆ تەکنەلۆژیا (MIT) ئەنجامدراوە، دەریخستووە ئەو خوێندکارانەی ChatGPT بەکاردەهێنن بۆ نووسینی وتار، خاوەنی لێهاتووییە مەعریفییەکی لاوازترن بە بەراورد بەوانەی تەنها پشت بە توانایە هزرییەکانی خۆیان دەبەستن.
سەرچاوە: “نیویۆرک پۆست”
Viral Moment at UCLA Commencement
At Pauley Pavilion, graduating senior Andre Mai (Computational & Systems Biology) held his laptop up to the jumbotron, displaying his full ChatGPT conversation history from finals and coursework.
The crowd cheered loudly as the screen… pic.twitter.com/PgY13Da1ip
— RAZE (@RazeFeed) May 5, 2026
