پێشبینییەکانی کەشناسی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ ڕاگەیەندرا

کەشناسی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات ئەمڕۆ و سبەینی ئاسمان ساماڵ بێت و پلەی گەرماش کەمێک بەرزدەبێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاسمان بە گشتی ساماڵ بێت و هەندێک پەڵە هەوری جیاجیا لە ئاسماندا دەربکەون.

خێرایی با بە گشتی لەسەرخۆ دەبێت و لە نێوان 5 بۆ 15 کم/ک دایە، لە هەمان کاتدا مەودای بینین لە نێوان 8 بۆ 10 کیلۆمەتردا دەبێت.

سەبارەت بە پلەکانی گەرما، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ پلەی گەرما 1 بۆ 2 پلە بەرزتر بێت بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو. بەپێی پێشبینییەکان، گەرمیان بە 29 پلە بەرزترین و حاجی ئۆمەران بە 14 پلە نزمترین پلەی گەرمایان دەبێت. پلەکانی گەرما لە شارەکانی تریش بەم شێوەیە دەبن: هەولێر و چەمچەماڵ 25 پلە، سلێمانی و زاخۆ 24 پلە، دهۆک 23 پلە، و هەڵەبجە 26 پلەی سیلیزی.

سەبارەت بە سبەینێ هەینی، کەشناسی ڕایگەیاند، ئاسمان بە ساماڵی و پەڵە هەور بمێنێتەوە. خێرایی با کەمێک زیاد دەکات و دەبێتە مامناوەند لە نێوان 10 بۆ 20 کم/ک، ئاراستەکەشی بەرەو باکووری خۆرئاوا دەبێت.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ کەمێکی تر ڕوو لە بەرزبوونەوە بکەن. بە جۆرێک پلەی گەرمای گەرمیان دەگاتە 30 پلەی سیلیزی و لە سلێمانیش بۆ 25 پلە بەرز دەبێتەوە، لە کاتێکدا هەولێر لەسەر هەمان ئاستی 25 پلە جێگیر دەبێت. مەودای بینین وەک خۆی لە نێوان 8 بۆ 10 کیلۆمەتردا دەمێنێتەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە