“خەتەنەکردن” قەیرانیکی دیپلۆماسی لە نێوان ئیسرائیل و بەلجیکادا دروست کرد

ماکسیم پریفۆ، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، بە توندی وەڵامی دعۆن ساعاری هاوتا ئیسرائیلییەکەی دایەوە، دوای ئەوەی ساعار ڕەخنەی لە بەلجیکا گرتبوو بەهۆی دادگاییکردنی سێ جوولەکە کە بە شێوەیەکی “نایاسایی” کاری خەتەنەکردنیان کردووە. پریفۆ داوای لێکرد کۆتایی بەو قسانە بهێنێت کە بە “چەواشەکاری” وەسفی کردن.

ئەم گرژییە لە ڕێگەی پلاتفۆرمی “ئێکس”ەوە سەری هەڵدا، کاتێک ساعار هێرشی کردە سەر دەسەڵاتدارانی بەلجیکا بەهۆی تۆمەتبارکردنی سێ کەس لە “خەتەنەکەرەکان” (کە بە مۆهێل ناسراون و بەپێی شەریعەتی جوولەکە مەشق و ڕاهێنانیان پێ کراوە).

تۆمەتەکە ئەوەیە کە ئەو کەسانە لە دەرەوەی چوارچێوەی پزیشکیی ڕێپێدراو و لە ژینگەیەکی ناخاوێندا ئەو کارەیان کردووە، ئەمەش ژیانی منداڵانی خستووەتە مەترسییەوە.

پریفۆ لە وەڵامەکەیدا جەختی کردەوە کە، سیستەمی دادوەری لە بەلجیکا سەربەخۆیە و دوور لە هەر کاریگەرییەکی سیاسی بڕیار دەدات، هەروەها ناساندنی ئەم ڕێکارە یاساییانە وەک هەوڵێک بۆ لێدانی ئازادیی ئایینی، بە “ناوزڕاندن” ناوبرد.

دووپاتی کردەوە کە دەستووری بەلجیکا بە تەواوی گەرەنتیی ئازادییە ئایینییەکان دەکات.

پریفۆ داوای لە هاوتا ئیسرائیلییەکەی کرد کە لە جیاتی پەنابردنە بەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بە “دیپلۆماسییەتی ئێکس” ناوی برد، لە کۆبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆدا لە ئیسرائیل باس لەم بابەتانە بکەن بۆ ڕەواندنەوەی هەر تێگەیشتنێکی هەڵە.

لەلایەکی دیکەوە، بیڵ وایت، باڵیۆزی ئەمریکا لە برۆکسل، هاتە ناو هێڵی گرژییەکەوە و دادگاییکردنی خەتەنەکەرەکانی (کە یەکێکیان هاووڵاتییەکی ئەمریکییە) بە “پەڵەیەکی شەرمەزاری” و هەنگاوێکی قبووڵنەکراو وەسف کرد.

وایت هۆشداری دا کە ئەگەر کێشەکە دەستبەجێ چارەسەر نەکرێت، جیهان وەک دەوڵەتێکی “دژە جوولەکە” (Antisemitism) سەیری بەلجیکا دەکات.

باڵیۆزی ئەمریکا ئیدانەکردنی ئیدارەی ترەمپی بۆ ئەوەی ناوی برد بە “کەمتەرخەمی سیاسی” حکومەتی بەلجیکا گەیاند، و داوای لێکردن کار لەگەڵ سەرکردە جوولەکەکان بکەن بۆ دۆزینەوەی سیستەمێکی فەرمی بۆ بڕوانامەدان بە کارەکانی خەتەنەکردن.

لەەبرامبەریشدا وەزیری دەرەوەی بەلجیکا بە توندی وەڵامی باڵیۆزی ئەمریکاشی دایەوە و داوای لێکرد دان بە خۆیدا بگرێت و ڕێز لە سنووری کارە دیپلۆماسییەکانی بگرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕەخنەگرتنی ئاشکرا لە دادوەریی بەلجیکا کارێکی “نەشیاو”ە و لە وەڵامە توندەکەیدا بۆ باڵیۆزی ئەمریکا وتیشی: “کار و پیشەی باڵیۆز نییە ئەجێندای کار بۆ حکومەت دیاری بکات”.

ئەمە یەکەمجار نییە کێشەی لەم شێوەیە ڕووبدات؛ لە شوباتی ڕابردووشدا بەلجیکا باڵیۆز وایتی بانگهێشت کردبوو وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر تۆمەتبارکردنی حکومەت بە “دژە جوولەکە”، لە کاتێکدا برۆکسل جەخت دەکاتەوە کە مەبەست لە لێکۆڵینەوەکان پاراستنی تەندروستیی گشتییە و هیچ ئایینێکی دیاریکراو ناکاتە ئامانج.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە