وتەبێژی یەکێتی ڕایگەیاند، حزبەکەی ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەر جۆرە هاوکاری و ئاسانکارییەک کە خزمەت بە ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکات.
کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیارانی دەزگا میدیاییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا، گفتوگۆیەکی ورد دەربارەی ڕەوشی ئێستای میدیا، پرسی ئازادیی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان کرا.
هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێم و ناوچەکە کرا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لەپێناو باشترکردنی ژینگەی میدیایی و خزمەتکردن بە پەیامی پیشەییانە، ئامادەبووان چەندین پێشنیازیان بۆ دروستکردنی هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان دامەزراوەکان خستەڕوو.
وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی حزبەکەی کردەوە بۆ پاراستن و فراوانکردنی مەودای ئازادیی ڕادەربڕین و ئاماژەی بەوەدا، کە یەکێتی هەمیشە پشتیوانێکی ڕاستەقینەی قەڵەمە ئازادەکانە و بە تەواوی ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەر جۆرە هاوکاری و ئاسانکارییەک کە خزمەت بە ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکات، تاوەکو بتوانن لە ژینگەیەکی ئارامدا ئەرکە پیشەییەکانیان بەبێ هیچ بەربەست و فشارێک جێبەجێ بکەن.
