کۆمپانیای تێسلای ئەمریکی ڕایگەیاند کە 218,867 ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بانگهێشت دەکاتەوە (استدعاء)، ئەمەش بەهۆی بوونی کێشە لە کامێراکانی دواوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەدا.
بەگوێرەی ئیدارەی نیشتمانی ئەمریکا بۆ سەلامەتی هاتوچۆ لەسەر ڕێگا خێراکان (NHTSA)، وێنەی کامێرای دواوە لەو ئۆتۆمبێلانەی بانگهێشت کراونەتەوە، لە کاتی گۆڕینی گێڕ بۆ باری گەڕانەوە (Reverse) بە دواکەوتنەوە بۆ شۆفێرەکە دەردەکەوێت، ئەمەش مەترسی ڕووداوی هاتوچۆ زیاد دەکات.
ئیدارەکە ڕوونی کردەوە کە ئەم بڕیارە چەندین مۆدێلی جیاوازی تێسلا دەگرێتەوە کە لە ئەمریکا خراونەتە بازاڕەوە، لەوانە: Model 3 و Model Y و Model S و Model X.
لە لایەکی دیکەوە، نرخی پشکەکانی تێسلا لە مامەڵەکانی پێش کردنەوەی بازاڕی ئەمڕۆ چوارشەممە بە ڕێژەی 0.2٪ دابەزی. لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بەهای بازاڕیی کۆمپانیاکە زیاتر لە 13٪ کەمی کردووە و گەیشتووەتە 1.46 تریلیۆن دۆلار، لە کاتێکدا پێوەرەکانی S&P 500 لە هەمان ماوەدا بە ڕێژەی 6٪ بەرزبووەتەوە.
زۆرجار کۆمپانیا جیهانییەکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل پەنا دەبەنە بەر هەڵمەتی بانگهێشتکردنەوەی بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکاندا بۆ چاککردنی هەندێک کێشەی تەکنیکی و کارگەیی، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی سەرنشینان و سەلامەتی گشتی لەسەر ڕێگاکان.
سەرچاوە: ئینتەرفاکس
