فراکسیۆنی پارتی بڕیاری گەڕانەوەی بۆ بەغدا دا و هەفتەی داهاتوو بەشداری دانیشتنی پەرلەمان دەکات.
سەرچاوەیەك لە فراكسیۆنی پارتی بۆ (كوردستان24 و ئاڤا) ڕایگەیاندووە، ئاماژەشی داوە، فراکسیۆنی پارتی بڕیاری گەڕانەوەی بۆ بەغدا دا و هەفتەی داهاتوو بەشداری دانیشتنی پەرلەمان دەکات.
لای خۆشیەوە، (كەناڵ8) لەزاری د. ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا بڵاویكردەوە: پارتی بڕیاری گەڕانەوەی وەزیر و پەرلەمانتارەکانی بۆ بەغداد دا.
وتوشیەتی، “لایەنە عێراقییەکان بەڵێنی هاوسەنگی و جێبەجێکردنی دەستووریان پێداوین”.
شەممە، 18ی نیسانی 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا، هەڵوێستی کۆتایی خۆی بەرامبەر بە دۆخی ئێستای پەرلەمان ڕاگەیاند و بڕیاری دا بە شێوەیەکی کراوە و تا کاتێکی نادیار، بایکۆتی سەرجەم کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکات.
فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە، کە بنەما سەرەکییەکانی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق، کە لەسەر بنەمای (هاوبەشیی ڕاستەقینە، هاوسەنگی لە دەسەڵات و سازانی نیشتمانی) بنیات نراون، بە ئاشکرا پشتگوێ خراون.
