مەترسی ڤایرۆسێکی کوشندە؛ ٣ سەرنشینی کەشتییەکی گەشتیاری گیانیان لەدەستدا.
بارودۆخێکی نائاسایی تەندروستی لەنێو کەشتیی گەشتیاری هۆڵەندی (MV Hondius) ڕاگەیەندرا، دوای ئەوەی سێ سەرنشینی کەشتییەکە لە کاتی گەشتەکەیاندا لە زەریای ئەتڵەسی گیانیان لەدەستدا و ڤایرۆسێکی کوشندەش لەنێو سەرنشیناندا بڵاوبووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان تا ئێستا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە بریتین لە هاووڵاتییەکی ئەڵمانی و ژن و مێردێکی هۆڵەندی.
یەکێک لە سەرنشینەکان کە تەمەنی 69 ساڵە، تووشبوونی بە ڤایرۆسی “هانتا – Hantavirus” پشتڕاستکراوەتەوە و لە ئێستادا لە ژێر چاودێری چڕدایە لە ئەفریقای باشوور.
دوو ئەندامی تیمی کەشتییەکە کە یەکێکیان بەریتانی و ئەوی دیکەیان هۆڵەندییە، نیشانەی توندی کۆئەندامی هەناسەیان لێ دەرکەوتووە و پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەیە.
کەشتییەکە 149کەسی لەسەرە، کە لە 23ڕەگەزنامەی جیاواز پێکهاتوون (88سەرنشین و 61 کارمەند).
گەشتەکە لە ئەرجەنتینەوە بەرەو کەیپ ڤێردی بووە، بەڵام بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستی، لە ئێستادا کەشتییەکە لە کەناراوەکانی پڕایا لەنگەری گرتووە.
ڤایرۆسی هانتا چییە؟
ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگەی مشک و قرتێنەرەکانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی تێکچوونی توندی کۆئەندامی هەناسە. بەپێی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان، تا ئێستا هیچ ڤاکسین یان دەرمانێکی تایبەت بۆ ئەم ڤایرۆسە نییە.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ڕایگەیاندووە کە سەرنشینەکان لە ژوورەکانی خۆیاندا کەرەنتین کراون و ڕێکاری توندی پاکژکردنەوە دەستی پێکردووە. دەسەڵاتدارانی کەیپ ڤێردی ڕێگەیان نەداوە کە سەرنشینەکان دابەزن، بۆیە ئەگەری هەیە کەشتییەکە بەرەو دوورگەکانی کەناری لە ئیسپانیا بەڕێبکەوێت بۆ وەرگرتنی هاوکاری پزیشکی.
سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس (AFP)
