حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەنگاوێکی ستراتیژیی بێپێشینەدا و لە ماوەی تەنها ساڵێک و 3 مانگدا، پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێری بە ڕێژەی 100% کۆتایی پێهێنا، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم، ئەم هەنگاوە بە وەرچەرخانێک لە پاراستنی سامانی ئاو و کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوون لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای سەردەمیانە و تیمە پسپۆڕەکانەوە وەسف دەکات، کە کێشەی ئاوی بەشێکی زۆری پایتەختی چارەسەر کردووە و ڕێگری لە کارەساتەکانی ژینگە دەکات.
ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، وردەکاریی جێبەجێکردنی پڕۆژە نوێیەکانی ئاوی خستە ڕوو و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پڕۆژانە هەنگاوێکی ستراتیژین بۆ پاراستنی سامانی ئاو لە هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ سەبارەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان ڕوونیکردەوە، پرۆسەی کەمکردنەوەی ئاوی بێ داهات، یان ئەو ئاوەی بەفیڕۆ دەچێت، تەنها بە گۆڕین یان چاککردنەوەی بۆرییە شکاوەکانی سەر زەوی ناکرێت، بەڵکو ئەم کارە پێویستی بە تیمی پسپۆڕ و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو هەیە بۆ دیاریکردنی ئەو لێچوونانەی کە لە ژێر زەویدان و بە چاو نابینرێن.
ئاشکرای کرد، لە کاتێکدا بەپێی ستانداردە جیهانییەکان دەبێت ڕێژەی بەفیڕۆچوونی ئاو لە 10% کەمتر بێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەو ڕێژەیە زۆر زیاترە و پێویستی بەم هەنگاوە خێرایانە هەبووە.
ئەندازیار ئاری ئەحمەد تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی لێچوونی شاراوەی ئاو و باسی لەوە کرد، زۆرجار بۆرییەکان لە ژێر زەویدا دەشکێن و ئاوەکەیان دەچێتە ناو ئاوەڕۆکان یان زەوییە بەتاڵەکانەوە، کە ئەمەش نەک تەنها ئاوەکە بەفیڕۆ دەدات، بەڵکو دەبێتە هۆی لاوازکردنی بناغەی خانوو و باڵەخانەکان، بۆ چارەسەری ئەمەش پشت بە ئامێری هەستیار و سێنسەر دەبەسترێت، وەک نموونەیەکیش باسی لەوە کرد، کە زۆرجار هاووڵاتیان سکاڵای بێ ئاوی دەکەن، بەڵام کاتێک تیمەکان بە ئامێرەکان پشکنین دەکەن، دەردەکەوێت کە ئاو لە تۆڕە سەرەکییەکاندا هەیە، بەڵام بەهۆی گیران یان شکانێکی شاراوە لەو بەشەی دەچێتە ماڵەکەوە، ئاوەکە ناگاتە جێگەی خۆی، بە دۆزینەوە و چاککردنی ئەم کێشانە، ئاوەکە دەگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتیان بەبێ ئەوەی پێویست بە زیادکردنی سەرچاوەی ئاو یان پەمپدانی زیاتر بکات.
سەبارەت بە هۆشیاریی هاووڵاتیان، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەوڕۆی هەرێمی کوردستان جەختی لە بەردەوامیی هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە سەرڕێژبوونی تانکیی سەربانی ماڵان یەکێکە لە هۆکارەکانی بەفیڕۆچوونی ئاو، بۆیە داوا دەکات سیستەمی کۆنتڕۆڵکردن و هەستیار لەسەر تانکییەکان دابنرێت بۆ ڕێگریکردن لەو حاڵەتە.
ئاری ئەحمەد هەروەها تیشکی خستە سەر گرنگیی بەڕێوەبردنی پەستانی ناو بۆرییەکان، تاوەکو لە ڕێگەی سیستەمی زیرەکەوە پەستانەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و ڕێگری لە تەقینی بۆرییەکان و بەفیڕۆچوونی ئاو بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەندازیار ئاری ئەحمەد سەرکەوتنی گەورەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێری وەک دەستکەوتێکی گرنگی کابینەی نۆیەم خستە ڕوو، ئەو ڕایگەیاند، تەواوکردنی پڕۆژەیەکی هێندە گەورە لە ماوەیەکی کەمتر لە 15 مانگدا و بە ڕێژەی 100%، کارێکی پێوانەییە، چونکە پڕۆژەی لەم شێوەیە لە باری ئاساییدا پێویستی بە چەندین ساڵ کارکردن هەیە. ئەم پڕۆژەیە کێشەی ئاوی 20% بۆ 30%ی دانیشتووانی شاری هەولێر چارەسەر دەکات.
هەروەها هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی داچوونی زەوی بەهۆی زۆر دەرهێنانی ئاوی بیرەکانەوە، ڕوونیشیکردەوە، ئەم پڕۆژانە هەنگاوێکی ستراتیژین بۆ وازهێنان لە ئاوی ژێر زەوی و پشتبەستن بە ئاوی سەرزەوی، دووپاتی کردەوە، ئەم دیدگایەی حکومەت تەنها بۆ هەولێر نییە، بەڵکو پڕۆژەی هاوشێوە و ستراتیژی بۆ شارەکانی سلێمانی، کۆیە، شەقڵاوە و گوێڕیش لە بەرنامەدان، بۆ ئەوەی ژێرخانێکی بەهێزی ئاو بۆ نەوەکانی داهاتوو جێبهێڵرێت.
هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین و بەکارهێنانی زۆری ئاوی ژێر زەوی لە ڕێگەی لێدانی هەزاران بیرەوە، ڕووبەڕووی مەترسیی جددیی کەمئاوی و نزمبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی بووەتەوە، ئەم دۆخە مەترسیی داچوونی زەویی لە هەندێک ناوچە دروست کردووە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە بە شێوەیەکی بنەڕەتی، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ستراتیژیەتی گواستنەوەی سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی لە بیرەکانەوە بۆ ئاوی سەرزەوی (ڕووبارەکان) گرتووەتەبەر، پڕۆژەکانی وەک قۆناغەکانی ئاوی ئیفراز و پڕۆژە فریاگوزارییە خێراکان بەشێکن لەم ماستەرپلانە نیشتمانییە، کە ئامانج لێیان پاراستنی یەدەگی ئاوی ژێر زەوی، ڕێگریکردن لە بەفیڕۆچوون لەناو تۆڕە کۆنەکاندا و دابینکردنی ئاسایشی ئاوە بۆ گشت شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.
