شارەزایەکی کەشناسی: گەرمای هاوینە دەست پێدەکات

شارەزایەكی كەشناسی ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، كەش و گەرمای هاوینە دەست پێدەكات و پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی، بڵاویکردەوە، سەرەتا بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ پێنجشەممە، لە ئەنجامی بەردەوامیی کاریگەریی ئەو بارستەهەوا فێنکەی ڕووی کردووەتە ناوچەکە، پلەی گەرما بە جێگیری دەمێنێتەوە، بەڵام لە ڕۆژی هەینییەوە، بە گشتی كاریگەرییەكانی كۆتایی دێت و هێدی هێدی پلەی گەرما دەست بە بەرزبوونەوە دەكات، ئاسمانی ناوچەكانیش بە زۆری ساماڵ دەبن.

بەپێی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە کوردە،”لە هەفتەی داهاتووەوە، لە تایبەت 10 و 11 تا 20ی ئایار، قۆناغێكی نوێ لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەست پێدەكات، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پەستانی بەرگەهەوا و بەردەوامیی سەقامگیری کەشوهەوا.

ئەو شارەزای كەشناسییە ڕوونیشی كردووەتەوە، لە ناوچەكانی كەركوك و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، بەرزترین پلەی گەرما لە ماوەی ئاماژەپێكراودا دەگاتە 35 تا 37 پلە، كەش و گەرمای هاوینە لەم ناوچانەدا دەست پێدەكات.

وەک ئەو کەشناسە کوردە باسی كردووە، لە ناوچەكانی سنووری پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە، بە ئیدارە سەربەخۆكانی سۆران و ڕاپەڕینیشەوە، بەرزترین پلەی گەرما لەنێوان 29 بۆ 32 پلە دەبێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە