داتاکانی کەشتیوانی ئاشکرای دەکەن کە دەیان ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عێراق لەسەر ئەو کەشتیانە ماونەتەوە کە لە ڕۆژئاوای گەرووی هورمز گیریانخواردووە.
بەگوێرەی داتاکانی بەدواداچوونی جووڵەی کەشتیوانی، دەرکەوتووە کە نزیکەی 163 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی کەنداو لە ناوچەی ڕۆژئاوای گەرووی هورمز گیریان خواردووە، کە 43 ملیۆن بەرمیلیان نەوتی عێراقە.
ئەمەش بەهۆی سستبوونی پڕۆسەی تێپەڕبوون و بەرزبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان کە وای لە ژمارەیەک کۆمپانیای گواستنەوە کردووە گەشتەکانیان کەم بکەنەوە یان دوای بخەن.
لە سێی ئایارەوە چوار کەشتیی بازرگانی و نەوتهەڵگر ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، هاوکات لەگەڵ بەئامانجگرتنی ناوەندی نەوتیی فۆجەیرە لە ئیمارات، ئەمەش ترسی بازاڕەکانی زیاد کردووە و تێچووی گواستنەوە و دڵنیاییش لەسەر بارەکان بەرز کردووەتەوە.
کەڵەکەبوونی ئەم بارە نەوتانە فشارەکانی سەر عێراق زیاتر دەکەن کە بە هۆی کەڵەکەبوونی نەوتی بەرهەمهێنراو و سنوورداریی توانای کۆگاکردن و نەبوونی دەروازەی جێگرەوەی فراوان بۆ هەناردەکردن لە دەرەوەی کەنداو، ڕووبەڕووی بوونەتەوە.
