مێژوویەک لەناو تاق و قوبەکاندا دەژێتەوە، خوێندنەوەیەک بۆ نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورەی خورماڵ

د. ئیبراهیم حاجی زەڵمی

مێژووی نەتەوەکان تەنها لە لاپەڕەی کتێبەکاندا نانووسرێتەوە، بەڵکو لەو بەرد و کۆشک و تاق و منارانەدا دەردەکەوێت کە بە تێپەڕبوونی سەدەکان وەک شایەتحاڵێکی زیندوو بەپێوە دەمێننەوە. یەکێک لەو شوێنەوارە پڕ بایەخانەی کە لەم دواییانەدا بووەتە جێی سەرنجی ناوەندە کلتووری و ئایینییەکان، پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورەی خورماڵە لەسەر نەخشە و شێوازە ڕەسەنەکەی سەردەمی میرنشینی ئەردەڵانی، ئەوکاتانەی کە خورماڵ ناوەندی ویلایەتی شارەزوور بوو. ئەم هەنگاوە تەنها نۆژەنکردنەوەی دیوارێک نییە، بەڵکو هەڵکۆڵینەوەی ناسنامەیەکە کە خەریک بوو لەژێر تەمومژی فەرامۆشیدا ون ببێت.

١. ڕەهەندی مێژوویی: زیندووکردنەوەی شکۆی “خورماڵ”

خورماڵ لە مێژووی ناوچەکەدا تەنها شارۆچکەیەکی ئاسایی نەبووە، بەڵکو ناوەندێکی گرنگی بازرگانی، زانستی و فەرمانڕەوایی بووە. بەدەرلەوەی قەڵای زەڵمی پایتەختی میرنشینی ئەردەڵان بووە. لەهەمانکاتدا بەگەیشتنی دەسەڵاتی عوسمانی خورماڵ دەبێتە ناوەندێکی دەسەڵاتی سیاسی ئیداری سەربە عوسمانی، بەناوی ویلایەتی شارەزوور و هەرئەوکات مزگەوتە دێرینەکەی لەلایەن سوڵتان سەلیمی عوسمانییەوە بڕیاری دروستکردنەوەی دەدرێت بە نەخشێکی عوسمانی..ئێستا و پاش نزیکەی  ٥٠٠ ساڵ، نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە لەسەرئەو شێوازە کۆنەی، گەڕانەوەیە بۆ ئەو سەردەمەی کە تەلارسازیی ناوچەکە لە لوتکەی گەشەسەندندا بووە. بەکارهێنانەوەی ئەونەخشەیە، پارێزگارییە لە “ڕەسەنایەتی شوێن”؛ ئەمە پەیامێکە بۆ نەوەکانی داهاتوو کە مێژووی ئەم خاکە پچڕاو نییە و پەیوەستە بە ڕەوتە گەورە شارستانییەکانی جیهانی ئیسلامییەوە.

٢. بایەخی کلتووری و گەشتیاری: لە “شوێن”ەوە بۆ “مەڵبەند”

لە جیهانی مۆدێرنی ئەمڕۆدا، “گەشتیاریی شوێنەواری” و “گەشتیاریی ئایینی” بوونەتە دوو کۆڵەکەی گرنگی ئابووری و ناساندنی نەتەوەکان. نۆژەنکردنەوەی ئەم مزگەوتە بەو وردەکارییە مێژووییەوە، خورماڵ لە ناوچەیەکی پەراوێزخراوەوە دەگۆڕێت بۆ مەڵبەندێکی گەشتیاریی نێودەوڵەتی. گەشتیار کاتێک دێتە ئەم مزگەوتە، تەنها بینایەکی بەردی نابینێت، بەڵکو ڕۆحی سەدەی پازدەهەم و تاقە چەماوەکان و هونەری نەخشکاریی ئەو سەردەمە دەبینێت. ئەمە دەبێتە هۆی بوژانەوەی بازاڕی ناوخۆیی و دروستکردنی هەلی کار، لە هەمان کاتدا کلتووری کوردەواری وەک گەلێکی خاوەن شارستانیەت بە جیهان دەناسێنێت.

٣. ڕەهەندی ئایینی و ڕۆحی

مزگەوتی گەورەی خورماڵ لە ڕابردوودا مەڵبەندی پێگەیاندنی سەدان زانا و عاریف بووە. گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ ئەم بینایە، گەڕاندنەوەی هەیبەتە بۆ پێگەی ئایین لە کۆمەڵگەدا. کاتێک ئایین لەناو چوارچێوەیەکی هونەری و مێژوویی جواندا پێشکەش دەکرێت، کاریگەرییە ڕۆحییەکەی قووڵتر دەبێت و دەبێتە ناوەندێک بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامی پێکەوەژیان و میانڕەوی، ڕێک وەک ئەو مێژووەی کە ئەم مزگەوتە لەسەری بونیاد نراوە.

٤. هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی سەرمایەداری نیشتمانی: حاجی عابد دەرەمەڕی

لێرەدا دەبێت بە دیدێکی لۆژیکییانە سەیری ڕۆڵی سەرمایەدار حاجی عابد دەرەمەڕی بکەین. لە کۆمەڵگەیەکدا کە زۆرجار سەرمایە لە پڕۆژەی کاتی و بازرگانیی بێ ڕۆحدا خەرج دەکرێت، ئەم دەسپێشخەرییەی حاجی عابد چەند مانا و پەیامێکی گرنگ هەڵدەگرێت:

ا. هۆشیاریی مێژوویی: ئەم کارە دەری دەخات کە ئەم سەرمایەدارە خاوەنی دیدێکی قووڵە بۆ تێپەڕاندنی کات. ئەو دەزانێت کە بینای مۆدێرن کۆن دەبێت، بەڵام شوێنەوار هەمیشە بە نرختر دەبێت.

ب. بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی: لەجیاتی چاوەڕوانی دەستی حکومەت، کەسایەتییەکی نیشتمانی دێتە پێشەوە بۆ پاراستنی ناسنامەی شارەکەی. ئەمە مۆدێلێکی نوێی “وەقف”ی ئیسلامی و “خێرخوازیی شارستانی”یە کە پێویستە سەرمایەدارانی تریش چاوی لێ بکەن.

ج.بەخشینی ڕۆح بە سەرمایە: پارە شتێ نیە جگە ئامراز، بەڵام کاتێک دەخرێتە خزمەت زیندووکردنەوەی مزگەوتێک و منارەیەکی مێژوویی وەک ئەوەی خورماڵ، دەبێتە سەرمایەیەکی مەعنەوی کە ناوی خاوەنەکەی لە مێژووی ناوچەکەدا بە نەمری دەهێڵێتەوە.

دواجار نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورەی خورماڵ پڕۆژەیەکی “نیشتمانی-کەلتووری”یە بەرگێکی ئایینی و مێژوویی پۆشیوە. ئەم کارە سەلماندی کە ئەگەر ئیرادەی دڵسۆزانە و سەرمایەی نیشتمانی و هۆشیاریی مێژوویی یەکبگرن، دەکرێت لەناو وێرانەکاندا شکۆ و سەروەریی ڕابردوو بونیاد بنرێتەوە. دەستخۆشی بۆ حاجی عابد دەرەمەڕی تەنها بۆ بەخشینی بڕە پارەیەک نییە، بەڵکو بۆ گەڕاندنەوەی متمانەیە بۆ مرۆڤی کورد کە دەتوانێت مێژووەکەی بە دەستی خۆی بپارێزێت و خورماڵ بکاتەوە بەو مروارییەی کە لە سەردەمی سوڵتانەکاندا درەوشاوەتەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە