ژمارەی وەزیرەکانی کورد لە حکومەتی نوێی عێراق ئاشکرا دەکرێت

ژمارەی پێکهاتەکان لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق یەکلادەکرێنەوە و چاوەڕوان دەکرێت بۆ هەر پۆستێکی وەزاریش زیاتر لە کاندیدێک هەبێت.

تاڵیب بەیزانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هێڵە سەرەتایییەکانی دابەشکردنی کابینەکە دیاریکراون؛ بە جۆرێک کە چوارچێوەی هەماهەنگی 12 وەزارەتی بەردەکەوێت کە وەزارەتەکانی دارایی و نەوتیشی تێدایە. هەروەها پێکهاتەی کورد چوار وەزارەتی بەردەکەوێت و وەزارەتەکانی تریش بۆ “ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی” (پێکهاتەی سوننە) دەبێت، لەگەڵ تەرخانکردنی تەنها یەک وەزارەت بۆ پێکهاتە بچووکەکان کە ئەویش وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانە.

ئاماژەی بەوەش کرد کە لێکتێگەیشتنەکان دابەشکردنی پۆستە باڵاکانیش دەگرێتەوە، لەوانە دیاریکردنی دوو جێگر بۆ سەرۆک کۆمار (یەکێکیان سوننە و ئەوی تریان شیعە)، جگە لە چوار جێگر بۆ سەرۆک وەزیران کە بەسەر پێکهاتەکاندا دابەش دەکرێن و هەر جێگرێک بەپێی پسپۆڕییەکەی سەرپەرشتی دۆسیەکانی (ئابووری، وزە، خزمەتگوزاری و ئەمنی) دەکات.

بەیزانی وتیشی ئەگەر هەیە هەفتەی داهاتوو کابینەکە بخرێتە دەنگدانەوە و لەوانەیە لە سەرەتادا تەنیا %60ی ناوەکان پێشکەش بکرێن، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی یەکلانەبوونەوەی هەندێک لە کاندیدەکانی پێکهاتەی کورد کە تا ئێستاش یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان.

لایخۆشیەوە وەلا جیزانی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عێراق پێشبینی کرد کە قۆناغی ئێستا جەخت لەسەر یەکلاکردنەوەی ناوی کاندیدەکان دەکاتەوە لە ڕێگەی پێشکەشکردنی چەندین کاندید بۆ هەر وەزارەتێک تا دەرفەتی هەڵبژاردنی کەسی لێهاتووتر هەبێت.

ئاماژەی بەوە کرد کە پەرلەمان ڕۆڵی چاودێری خۆی دەگێڕێت لە لێکۆڵینەوە لەو ناوانەی کە پێشکەش دەکرێن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە