شارەزایەکی ئابووری دەڵێت، ئەو داشکاندنەی کۆمپانیای سۆمۆ بۆ فرۆشتنی نەوتی کردووە کاتیە و تەنها بۆ مانگی ئایارە، هەروەک هۆکاری داشکاندنەکەش روون دەکاتەوە.
نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووری لە عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت: “ئەو داشکاندنانەی کە کۆمپانیای سۆمۆ لەسەر نرخی فرۆشتنی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، داشکاندنی کاتین و تەنها بۆ مانگی ئایارن.
داشکاندنەکە بڕەکەی دەگاتە 33.40 دۆلار بۆ نەوتی خاوی مامناوەندی بەسرا لە ماوەی 10 ڕۆژی یەکەمی مانگی ئایاردا، بۆ ڕۆژەکانی دیکەی مانگەکە بۆ 26 دۆلار کەم دەبێتەوە، لە کاتێکدا داشکاندنەکە دەگاتە 30 دۆلار بۆ نەوتی خاوی قورسی بەسرا.
ئەوەشی وتووە: ئەم داشکاندنانەش پەیوەستن بە نەبوونی کەشتیگەلێکی نیشتمانی بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق کە بەرگەی سەرکێشی و مەترسییەکانی پەڕینەوە لە گەروی هورمز بگرێت.
داشکاندنی نرخ لە بازاڕەکانی جیهاندا شتێکی نوێ نییە، پێشتریش ئێران و ڕووسیا و ڤەنزوێلا جێبەجێیان کردووە بۆ کەمکردنەوەی قورسایی سزاکانی ئەمریکا لەسەریان کە ڕێگرییان دەکرد لە کڕینی نەوتی ئەم وڵاتانە.
