قوباد تاڵەبانی: یەکێتی لەسەر هەڵوێستی خۆی پێداگرە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ تیمی بەڕێوەبەرە گشتییەکانی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمدا کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بەرچاوڕوونی پێدان لەبارەی سیاسەت و هەڵوێستی یەکێتی بۆ هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باسی سیاسەتی یەکێتی لە بەغداد کرد و ئاماژەیدا بە پێگەی بەهێزی یەکێتی و رایگەیاند، یەکێتی بەغداد وەک قوڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستان دەبینێت.

وتیشی: یەکێتی وەک هێزێکی کاریگەر لەلایەکەوە هەوڵ دەدات کێشەکانی هەرێم و بەغداد چارەسەر بکات و لەلایەکی دیکەشەوە کار دەکات بۆ ئەوەی لەڕێی داڕشتنەوەی سیاسەتەوە بەشدارییەکی کاریگەری هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشە جۆراوجۆرە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی عیراق.

ڕاشیگەیاند، یەکێتی بەم سیاسەتە ژیرانەی کە رەچاوی کردووە نەک تەنها چیتر هێزێک نییە پەراوێز بخرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە بۆ هەموو پرسە گرنگ و چارەنووسسازەکانی عێراق و ناوچەکە حیساب بۆ سیاسەت و هەڵوێستی یەکێتی دەکرێت.

سەبارەت بە رەوشی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش ئاماژەیدا بە کۆسپەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم و رایگەیاند، “یەکێتی لەسەر هەڵوێست و سیاسەتی خۆی پێداگرە، دەرگای گفتوگۆ و دانووستانی هەرگیز دانەخستووە، بەڵام سووریشە لەسەر هاوبەشیی راستەقینە لە حکومڕانیدا”.

روونیشیکردەوە، یەکێتی پێیوایە حکومڕانی بە شێوازی رابردوو سەرکەوتوو نابێت لە پاراستن و پێشخستنی هەرێم و چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆ و کێشەکانیشمان لەگەڵ بەغداف. هەربۆیە یەکێتی پێداگرە لەسەر راستکردنەوە رێڕەوی حکومڕانی و بەهێزکردنی پێگەی دامەزراوەکان و هاوبەشی راستەقینە لە حکومڕانیدا.

جەختیشی کردەوە، ئەم سیاسەتەی یەکێتی تەنها لەبەر یەکێتی خۆی نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و هەموو لایەنەکانە بە خودی پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە. چونکە تەنها بە هاوبەشیی راستەقینە و بە بەهێزکردنی دامەزراوەکان دەتوانرێت ئاسەوارەکانی دوو ئیدارەیی نەمێنێت و هەر کەسێک لە هەر پۆست و پێگەیەکدابێت هەم دەسەڵاتی پێویستی لە هەموو کوردستاندا دەبێت و هەم بەرانبەر بە هەموو خەڵکی کوردستان بەرپرسیار دەبێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە