سودانی چەند بڕیارێكی دەركرد

 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی كۆبووەوە و چەند بڕیارێكی دەربارەی پشكی گەنمی جوتیاران و نرخەكەی دەركرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەمیندارَتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران، بە مەبەستی دادپەروەری بۆ چین و توێژی جووتیاران، ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر هەموارکردنی نرخی بەرهەمی گەنم و پلانی وەرگرتنی تۆوی پلە باڵاکان بۆ وەرزی کشتوکاڵیی ٢٠٢٥-٢٠٢٦، بەم شێوەیەی خوارەوە:

یەکەم/ ٧٠٠ هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک، بۆ ئەو کەسانەی کە لە ناو پلانی کشتوکاڵیدان.

دووەم/ ٥٠٠ هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک، بۆ ئەو بڕە گەنمەی کە لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵییە.

سێیەم/ هەژمارکردنی بڕی بەرهەم (حاسڵ) بە ٩٠٠ کگم بۆ هەر دۆنمێک بۆ ئەو زەوییانەی سیستەمی ئاودێری مۆدێرنیان هەیە، و ٧٥٠ کگم بۆ هەر دۆنمێک بۆ ئەو زەوییانەی بە شێوەی سەیح (ڕژان) ئاو دەدرێن، و ٣٠٠ کگم بۆ هەر دۆنمێک بۆ زەوییە دێمەکان.

چوارەم/ وەرگرتنی بڕی ١٠٠ هەزار تۆن لە تۆوی پلە باڵاکانی گەنم، بە نرخی ٧٠٠ هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک.

پێنجەم/ پشکی هەرێمی کوردستانی عێراق لە پلانی بەبازاڕکردن بۆ وەرزی کشتوکاڵیی (٢٠٢٥-٢٠٢٦)، بڕی ٤٠٠ هەزار تۆن دەبێت؛ کە ٢٩٢ هەزار تۆنی لەناو پلان و ١٠٨ هەزار تۆنی لە دەرەوەی پلانە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە هەمان چوارچێوەدا، ئەنجومەن بڕیاریدا بە شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ وەرزی ڕابردوو (٢٠٢٤-٢٠٢٥) و وەرزی ئێستا (٢٠٢٥-٢٠٢٦)، لە ڕێگەی گونجاندنی بڕی قەرزەکان و سوودەکان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی داهاتوودا لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، هەروەها وەزارەتەکە گەرەنتی دانەوەی قەرزەکە و سوودەکانی بە بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) دەدات.

دەشڵێت: ئەنجومەن بڕیاریدا لە ئێستادا چاوپۆشی بکرێت لە وەرگرتنی ئەو پارانەی کە لای جووتیارانە وەک کرێی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ، و کرێی ئاودێری بۆ وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان، تا ئەو کاتەی شایستە داراییەکانیان بۆ بەبازاڕکردنی گەنم وەردەگرن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە