کۆمپانیایەکی حەج و عومرە: چەندین فرت و فێڵ لە پرۆسەی بەدەل حەجدا هەیە

خاوەن کۆمپانیایەکی حەج و عومرە ئاشکرای کرد، کە دروستکردنی شەهادەی بەدەل حەج تەنها 4 هەزار دیناری تێدەچێت، بەڵام بە 400 دۆلار بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێتەوە. لیژنەی فەتوا هۆشداری دەدات لە فرت و فێڵی کۆمپانیاکان.

سەروەر حاجی شێرزاد، خاوەن کۆمپانیای حەج و عومرە، ڕایگەیاند، کە چەندین فرت و فێڵ لە پرۆسەی بەدەل حەجدا هەیە.

بەپێی قسەی ئەو، هەندێک کەس و کۆمپانیا شەهادەی بەدەل حەج بە نزیکەی 4 هەزار دینار دروست دەکەن و دواتر بە نرخی 400 دۆلار بە هاوڵاتیان دەیفرۆشنەوە.

ئاماژەی بەوەدا، کە لەگەڵ شەهادەکەدا، دەبەیەک ئاوی زمزمی ساختە دەنێرنەوە کە لە ڕاستیدا ئاوی دڵۆپێنراوی خۆیانە، بۆ ئەوەی وا پیشان بدەن کە حەجەکەیان ئەنجامداوە، لەکاتێکدا خۆیان ناچنە حەج.

لەمبارەیەوە، لیژنەی فەتوا هەرێمی کوردستانیش هۆشداریی داوەتە هاووڵاتیان سەبارەت بە بەدەل حەج و ڕیکلامەکانی کۆمپانیاکان، بە پاساوی ئەوەی کە فرت و فێڵن و نابێت بڕوایان پێبکرێت.

لیژنەکە ڕوونی کردەوە، کە لەڕووی شەرعەوە، هیچ کەسێک ناتوانێت لە یەک کاتدا بۆ زیاتر لە دوو کەس حەج بکات.

نرخی بەدەل حەج لە نێوان 200 بۆ نزیکەی 800 دۆلاردا دەستپێدەکات و ئەو کەسانەی کە بانگەشەی ئەنجامدانی دەکەن، شەهادەیەک و بەڵگەیەکی ڤیدیۆیی بۆ حەجخوازەکە دەنێرنەوە.

بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، کە ئەو ڕیکلامانە ناڕاست و بێ بنەمان، و ڕێکاری یاسایی دژی هەر کەس و کۆمپانیایەک کە ئەم کارە ئەنجام بدات، دەگرنەبەر.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە