پەروەردە: کلیلی ژینگەپارێزییە

*بەکر کەریم حەسەن

(ئەلبێرت ئەنیشتاین) زانای بەناوبانگی ئەڵمانی دەڵێ”بەقووڵی سەیری سروشت بکە، ئەوکاتە لە هەموو شتێک باشتر تێدەگەیت”.

کە باسی ژینگە و ژینگەپارێزی و هاوڕێی ژینگە دەکەین. باس کردن نییە لە هەڵمەتێکی پاککردنەوەی سەرپێی ڕۆژێک یان چەند ڕۆژێک یان بە پێگوتن و چاولێکردن شوێنەکان پاک بکەینەوە، بەڵکو دەمەوێ باسی زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکی قووڵ و دێرین بکەم لە نێوان مرۆڤی کورد لەگەڵ نیشتمانەکەی، لەگەڵ خاکەکەی کە خوێنی بەخشیوە بۆ ئەوەی بە پاکی و پارێزراوی بیهێڵێتەوە. چ جای پاک ڕاگرتنی ژینگە و پاراستنی دارودرەخت و گوڵ و گوڵزار و جوانی سروشتەکەی کە تەنها شتێکی ڕووکەش و ڕواڵەت نییە، بەڵکو بنەمای ژیان و شکۆی ناسنامەیە.

لێرەدا پەروەردە پێویستە ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەو داچەسپاو ببینێ، چونکە پەروەردە نەتوانی مرۆڤێک بەرهەم بهێنێ کە دەستی میهرەبانی بۆچڵی دارێک و گۆڵێکی جوان درێژ بکات ئەوا لە ئەرکە بنەڕەتی و ڕاستەقینەی خۆی لایداوە. چونکە ئێمە دەمانەوێت لە پۆلەکانی خوێندن لە قوتابخانەکان تێگەیشتن و تێگەیاندنێکی نوێ بڕوێنین و بچینین کە قوتابی هەست بکات خۆی خاوەنی ژینگەیە، خۆی خاوەنی پۆل و قوتابخانەکەیە. قوتابییەک بەرهەم بهێنین ئەوپەڕی بڕوای تەواوی هەبێت کە خۆی خاوەنی ژینگەکەیە نەک(بەکارهێنەر)، بۆیە پێویستە هزرو و بیروباوەڕی قوتابی ژینگە یی بێت و هۆشیاری ژینگەیی لە مێشکی و بیروهزری قوتابی بڕوێنین ئەوکات نەمامەکان دەپارێزێ و دەیانڕوێنێ و بە پاک و خاوێنی دەیانپارێزێ و هەر ئەو قوتابیەی کە ژینگەی قوتابخانەکەی دەپارێزێ ژینگەی دەرەوەی قوتابخانەکەی کۆڵان و گەرەک و شەقام و بنار و کوێستان و ژینگەی گوند و شارەکەشی دەپارێزێ هاوشانی پاراستنی ماڵەکەی خۆی.

ئەو کات دەتوانین بڵێین توانیومانە پرۆسەی پێگەیاندن و تێگەیاندن گەیشتۆتە ئامانجی خۆی، ئەوکات دڵنیا دەبین نەوەیەک دروست بووە بێ ئەوەی پێی بگوترێت یان چاولێکەر و لاسایی کەرەوە بێت، بەڵکو خۆی خاوەن و پارێزەری سروشتی کوردستانە. بۆیە گرینگە لە ناو قوتابخانەکان بە وانەی تیۆری و پراکتیکی ژینگە پارێزی و گرینگی هاوڕێتی ژینگە بۆ قوتابیان ڕوون بکەینەوە و بەردەوام جەخت بکەینەوە و کە ئەوە ماڵی ئەوانە دەبێ بە پاکی ڕابگیرێ و پیسی نەکەین و گەر پیس کرا خۆمان پاکی بکەینەوە، نەک چاوەڕێ خەڵکانی تر بکەین بۆ پاککردنەوەیان ئەوەش بەرپرسیاریەتی و خاوەندارییەتی لای قوتابی دروست دەکات.

لە بیرمان نەچێت کاتێک قوتابی دەبینێت بەرێوەبەر و مامۆستاکەی بەهەمان شێوە گرینگی دەدەن بە پاک و خاوێنی ژینگە و پاشماوەکان هەڵدەگرنەوە و فڕێیان نادەن، بە بایەخەوە ژینگە دەپارێزن ئەوا لای قوتابیش دەبێتە باوەڕ و کلتوور. بۆیە گرینگە ئەو جۆرە پاک ڕاگرتن و ژینگە پارێزی و ئەنجامدانی چالاکی ژینگەیی تەنها ڕۆژێک و دووان نەبێت لە بیری بکەین. پێویستە ئەو جۆرە چالاکی ژینگەییانە و ژینگە پارێزی ببێتە ڕۆتینی ڕۆژانە و هەفتانە تاوەکو ببێتە باوەڕێکی پتەو و بەشێک لە کارە سەرەکییەکان و ئەوکاتیش دەبێتە وانەیەکی سەرەکی و هەم چێژێک گەر هاتوو وەکو چالاکی و کێبڕکێ پیادەکرا بۆ پاککردنەوەی ژینگە.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا پێویستە وشیارکردنەوەی بەردەوام هەبێت بۆ ئەوەی پرۆسەکە لە هەڵمەتێکی کاتی بگۆڕێت بۆ پرۆسەیەکی پەروەردەیی بەردەوام و هەمیشەیی،
قوتابی لە بیری نەکات ژینگە وەکو تەواوکەری زمان و خاک وایە . ئەگەر نەیپارێزین ناسنامەمان دەشێوێت، ژینگە خودی نیشتمانە، نیشتمانیش ئەمانەتی نەوەکانە.

*ڕاوێژکار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە کارگێڕی پەروەردەیی

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە