لەتیف فاتیح فەرەج
لە رووداوەکەی هەفتەی پێشووی کەرکوک، کە میکسەرێک بەتیژیەکی لەڕادەبەدەر و بەپێی قسەی گەواهیدەران، تیژی 160 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا خۆی کرد بەناو شەقامی سەرەکی گەڕەکی دەروازەدا و کارەساتێکی خوێناوی خوڵقاند، ئەم رووداوە هەرزوو قسە و سەرنجی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و زۆرێکیش گومانیان خستە سەر شۆفێری میکسەرەکە، کە چۆن لە مەودای نزیک بە 15 کیلۆمەتر رێگەدا و لە هەوراز و نشێوی پێشتر نەیتوانیوە چارەسەری خۆی و میکسەرەکەی بکات و ئەو رووداوە خوێناوی و پڕ زەرەر و زیانە دروست نەبێت، میکسەرەکە باوک و کوڕێکی تیا بووە، باوکەکە مردووە و کوڕەکەش ساغ و سەلامەت، لە دیدارێکدا کوڕەکە قسەکانی بە جۆرێکن کە ناکرێت گومان نەبەینە سەر ئەوەی روویدا، بەپێی قسەی ئەو لە خاڵی پشکنینی چیمەنەوە کۆنترۆڵی میکسەرەکە لە دەستدراوە و تەنانەت لە خاڵی پشکنینەکەش پۆلیس و بەرپرسانی ئەو شوێنە نە دوای کەوتوون نە هەنگاوێکی ئەوتۆیان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی خۆی نەکات بە ناو شاردا.
ئەوەی بە من گەیشتووە هێشتا لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە هیچ زانیارییەکی رانەگەیاندووە، بەڵام ناکرێت ئەم بابەتە لێکۆڵینەوەی وردی لەسەر نەکرێت و هەریەکە لە پۆلیسی کەرکوک، هەروەها بەرپرسانی هاتوچۆی کەرکوک راپۆرتی وردی خۆیان نەبێت و دەست نەخەنە سەر هەموو ئەو درز و کەلێنانەی لە رووداوەکەدا هەیە، گومانی ئەوە دەکرێت لێخوڕەکە کوڕەکە بووبێت و باوکەکە نەبووبێت، گومانی کاری تیرۆریستی، یان خۆکوژی سەرشێتانە دەکرێت، گومانی ئەوە دەکرێت لێخوڕەکە ئاگای لە خۆی نەبووبێت، واز لەوە بێنن کە پرسیاری خەڵک ئەوەیە، چۆن ئەو هەموو رێگایە ئاراستەی رۆیشتنەکەی نەگۆڕیوە و سەری ناوە بەو خەڵک و ئاوەدانیەوە.
با وای دابنەین هەموو گومانەکان راست نین و ئەم رووداوەش وەک هەر رووداوێکی هاتوچۆ روویداوە و بکەرەکە تاوانێکی نییە، بەڵام ئەمە دەبێت بە بەڵگە و زانیاری ورد پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ بیدەنە هاووڵاتی و کەسوکاری قوربانییەکان و زیانمەندان دڵنیا بکەنەوە، ئەوکاتە هەموو ئەو گومانانەش دەڕەوێنەوە کە نزیکەی لە مەودای هەفتەیەکدا لەسەر رووداوەکە دروستبووە.
ئەو رووداوە پێی وتین دەروازەکانی شاریش پێویستە بە جۆرێک رێکبخرێنەوە و فراوان بکرێن، تا لە ئەگەری هەر رووداوێکی وادا زەرەر و زیان کەم بکرێنەوە و یان بە جۆرێک، کە هەر ئەم جۆرە رووداوانە روونەدەن، بێگومان ئێمەومانان لەو کارە نازانین و ئەوە کاری ئەندازیاری رێگە و بان و پۆلیسی هاتوچۆیە بەو کارە هەستن، ئەوەشمان بیر نەچێت کە زۆرجار هاووڵاتی لێرەو لەوێ یان هەر دەزگا و ناوەندێک لەبەر تەسککردنەوەی رێگەوباندا تەنها خۆی و بەرژەوەندی خۆی لە بیرە و هیچ بە تەنگی خەڵکەوە نییە، ئەوەش هۆیەکە بۆ ئەوەی لێخوڕ یان شۆفێر لەو کاتانەدا بە تەواوەتی سەری لێبشێوێت، ئەمانە هیچیان پاساو نین بۆ ئەو رووداوە و ناکرێت بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە کارەساتەکە بکرێت، کارەساتێک کە چەند دەکرێت وەک رووداوێکی ئاسایی سەیر بکرێت، هەزار ئەوەندە دەکرێت گومانی لێبکرێت، ئەمەش دەبێتە بەشێک لە دیرۆکی خوێناوی ئەو شارەی سەدان ساڵە دەیەوێت پشوویەک بدات و ناهێڵن.
