ئەوروپا تووشی قەیرانی شوکولاتە بووە

بازاڕەکانی ئەوروپا، کە بە ناوەندی سەرەکی بەکارهێنان و پیشەسازی شوکولاتە لە جیهاندا دادەندرێن، ڕووبەڕووی قەیرانێکی بێپێشینە بوونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە ئابوورییەکان، نرخی کاکاو لە بازاڕە جیهانییەکاندا ئاستێکی مێژوویی تۆمارکردووە، ئەمەش وای کردووە کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنان لە ئەوروپا بکەونە ژێر فشارێکی دارایی توندەوە.

سەرەکیترین هۆکاری ئەم کێشەیە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفریقا دەگەڕێتەوە، بەتایبەت لە “کۆتدیڤوار” و “غانا” کە نزیکەی ٧٥٪ی کاکاوی جیهان دابین دەکەن، جگە لە وشکەساڵی، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە ڕووەکییەکان زیانی زۆری بە کێڵگەکان گەیاندووە.

هەروەها فاکتەرێکی تری گرنگ، جێبەجێکردنی یاسای (EUDR)یە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە، ئەم یاسایە هاوردەکردنی هەر بەرهەمێک (لەوانەش کاکاو) قەدەغە دەکات کە ببێتە هۆی بڕینەوەی دارستانەکان.

ئەمەش وایکردووە دابینکردنی کاکاو بۆ کارگەکانی ئەوروپا قورستر و گرانتر بێت.

شارەزایان هۆشداری دەدەن کە خواردنی شوکولاتە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێتە کارێکی گرانبەها.

کۆمپانیاکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە یان نرخەکان بەرز دەکەنەوە، یان پەنا دەبەنە بەر کەمکردنەوەی کێش و قەبارەی پارچە شوکولاتەکان بۆ ئەوەی نرخەکەی بۆ کڕیار جێگیر دەربکەوێت.

ئەم قەیرانە نەک تەنها کاریگەری لەسەر نرخ هەیە، بەڵکو مەترسی لەسەر هەزاران هەلی کار لە کەرتی پیشەسازی خۆراک لە ئەوروپا دروستکردووە.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە