کارتی ئەلیکترۆنی بۆ سەردانکردنی نەخۆشخانەکان بەکاردەهێنرێت

وەزارەتی تەندروستی بەنیازە پشت بە کارتێکی ئەلیکترۆنی ببەستێت بۆ سەردانیکەران لە سەرجەم دامەزراوە تەندروستییەکاندا، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقدا دێت بەرەو بەئەلیکترۆنیکردن و ڕاییکردنی دیجیتاڵی کاروبارەکان.

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، ئەم کارتە وەک “دەفتەرێکی تەندروستی” کار دەکات کە وردەکاریی پشکنینەکان، چارەسەرەکان و دەرمانەکان لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ بەستنەوەی داتاکان بە شێوەیەکی ناوەندی بۆ بەدواداچوونی باری تەندروستی نەخۆش لە هەر دامەزراوەیەکی ناو وڵاتدا.

ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم سیستمە دەبێتە هۆی ئاسانکاری لە ڕێکارەکان، کەمکردنەوەی هەڵەکان و بەهێزکردنی وردیی داتاکان، کە ئەمەش پاڵپشتی پلانی تەندروستی دەکات و ئاستی کوالێتی خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان بۆ هاووڵاتییان بەرز دەکاتەوە.

سەیف بەدر ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە دەکرێت.

جێی ئاماژەیە ئێستا لە زۆربەی نەخۆشخانە ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستاندا ئەو سیستمە ئەلیکترۆنییە پەیڕەو دەکرێت، بەڵام نەبەستراوەتەوە بە وەزارەتی تەندروستی یاخود ناوەندێکی سەرەکی کۆکرندەوەی داتاوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە