تاران: ئێمە بەدوای شەڕدا ناگەڕێین، بەڵام ئەگەر بەسەرماندا بسەپێنرێت وەڵاممان یەکلاکەرەوە دەبێت.
محەمەد ڕەزا عارف، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران، جەختی کردەوە، کە وڵاتەکەی خوازیاری شەڕ نییە، بەڵام لە ئەگەری سەپاندنی هەر شەڕێکدا وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوەیان دەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز بە “مافێکی ڕەسەن”ی ئێران دادەنرێت.
عارف لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ڕایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر ئەو شەڕەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٢٨ی شوباتدا دژی ئێران دەستیان پێکرد، وڵاتەکەی لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ پاراستنی سەروەریی خۆی.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە دوژمن ویستی لە ڕێگەی ڕووداوەکانی مانگی کانوونی دووەمەوە سەقامگیری وڵات تێکبدات و کۆمەڵگە دابەش بکات، بەڵام بەهۆی یەکڕیزییەوە ئەو پڕۆژەیە شکستی هێنا.
عارف ستایشی گەلی ئێرانی کرد کە بۆ ماوەی زیاتر لە ٦٠ شەو لە مەیدانەکاندا مانەوە و پشتیوانی وڵاتەکەیان کرد، بەتایبەتی لە “شەڕی ڕەمەزان”دا.
هاوکات جەختی کردەوە، کە خۆڕاگری هێزە چەکدارەکان هاوکێشە جیهانییەکانی گۆڕیوە و دەریخستووە کە سەردەمی تاکلایەنە و پشت بەستن بە سزاکان بەرەو نەمان دەچێت.
باسی لەوەش کرد کە وڵات لەسەر بنەمای “ئابووریی خۆڕاگری” بەڕێوە دەچێت و جێبەجێکردنی پلانی حەوتەمی گەشەپێدان بە جدی بەردەوامە.
