ئیمارات: بەرگرییە ئاسمانییەکانمان بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکییان دایەوە.
وەزارەتی بەرگری ئیمارات، ئەمڕۆ دووشەممە (4ی ئایاری 2026)، ڕایگەیاند کە سیستمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی بە سەرکەوتوویی بەرپەرچی چەند هەڕەشەیەکی ئاسمانییان داوەتەوە کە خاکی ئیماراتیان کردبووە ئامانج، جەختیشی کردەوە کە 4 مووشەکیان ڕەصد کردووە کە لە ئێرانەوە ئاڕاستە کرابوون.
وەزارەتی بەرگری ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی 4 مووشەکیان ڕەصد کردووە کە لە لایەن ئێرانەوە هاوێژرابوون. بەرپەرچی 3 مووشەک دراوەتەوە و لە ئاسمانی ئاوە هەرێمییەکاندا تێکشکێنراون.مووشەکی چوارەم لە ناو دەریا کەوتووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی نەبووە.
وەزارەت ڕوونی کردەوە کە ئەو دەنگە بەرزانەی لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی دەوڵەت بیستراون، دەرەنجامی پڕۆسەی تێکشکاندنی مووشەکەکان بووە لە ئاسماندا. هاوکات دەستەی بەڕێوەبردنی فریاگوزاری و قەیرانەکان داوای لە هاووڵاتییان و نیشتەجێبووان کردووە لە کاتی بوونی هەر هەڕەشەیەکدا لە شوێنە ئارامەکان بمێننەوە.
لە لایەکی ترەوە، مەکتەبی ڕاگەیاندنی حکومەتی فوجەیرە پشتڕاستی کردەوە، کە ئاگرکەوتنەوەیەک لە ناوچەی پیشەسازییە نەوتییەکانی فوجەیرە ڕوویداوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاگرەکە بەهۆی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بووە کە لە ئێرانەوە ئاڕاستە کرابوو.
